ڕوونکردنەوەی زاراوەکان
ڕوونکردنەوەی چەند زاراوەیەکی کتێبی پیرۆز
ئاشکراکردن‏: دەرخستن و نیشاندانێکە لەلایەن خوداوە بۆ مرۆڤ، کاتێک خودا مەبەستییەتی مرۆڤ لە شتێک ئاگادار بکاتەوە یان پێی ڕابگەیەنێت
ئەرتەمیس: خوداوەندێکی یۆنانی بوو، خوداوەندی دایک بوو لەلای خەڵکی ئەفەسۆس، پەیکەرێکی گەورەی هەبوو، وایان دەزانی کە لە ئاسمانەوە کەوتووەتە خوارەوە.‏‏ (کردار ١٩‏:٢٤‏)
ئەلیاس‏: لە کوردەواری پێی دەگوترێ خدری زندە. لە سەدەی نۆیەمی پ. ز. ژیاوە. یەکێکە لە پێغەمبەرە ناودارەکانی خودا لە پەیمانی کۆن، چەندین پەرجوو و کاری گەورەی کردووە. ئەلیاس بەرزکراوەتەوە بۆ ئاسمان و نەمردووە و تاکو ئێستاش بە زیندوویەتی ماوەتەوە. (یەکەم پاشایان ١٦–١٩‏)
ئەنتاکیا‏: لە سەردەمی مەسیح دوو شار هەبوون بەناوی ئەنتاکیا. یەکەمیان لە سەر سنووری سوریایە، تا ئێستا ماوه و سەر بە تورکیایە (کردار ١١‏:١٩‏). دووەمیان لە ناوچەی پیسیدیا بوو (تورکیای ئێستا)، بۆیە بە ئەنتاکیای پیسیدیا ناوی دەرکردبوو (کردار ١٤‏:٢٦‏).
ئیبراهیم‏: سەرەتا ناوی ئەبرام بوو، واتا باوکی پایەبەرز. بەڵام پاش ئەوەی خودا بەڵێنی پێدا نەوەی زۆر بکات، پێی گوت ناوی خۆت بگۆڕە بۆ ئیبراهیم، واتا باوکی کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر (پەیدابوون ١٥–١٧‏). لە ئینجیلدا بە باوکی باوەڕداران ناوی هاتووە (ڕۆما ٤‏:١‏-٢٥‏).
ئیبلیس‏: وشەیەکی عیبرییە بە واتای دوژمن یان سکاڵاکار دێت. لە پەیمانی نوێدا ئەم وشەیە بۆ دوژمنی خودا و مەسیح و باوەڕداران و مرۆڤایەتی بەکارهێنراوە. شەیتان ڕۆحی هەموو خراپەکارییەکە. کاتێک عیسا لەسەر خاچەکەی مرد، باوەڕدارانی لە کۆیلایەتی شەیتان ڕزگار کرد.
ئیسرائیل‏: ناوێکی عیبرییە واتا خودا دەجەنگێ. خودا ئەم ناوەی بە یاقوبی کوڕی ئیسحاق بەخشی، لەبەر ئەوەش نەوەی یاقوب بە نەوەی ئیسرائیل یان گەلی ئیسرائیل ناویان دەرکرد. (مەتا ٢‏:٦‏)
ئینجیل‏: لە وشەی (ئیوانجیلیۆن)ی یۆنانییەوە هاتووە، بە واتای جاڕدانی هاتنی پاشا، لە پەیمانی نوێ بە مەبەستی ڕاگەیاندنی هاتنی مەسیح وەک پاشای هەتاهەتایی بۆ جیهان دێت، هەروەها ڕاگەیاندنی پەیامی مەسیح و ئامادەسازی بۆ هاتنەکەی.
ئێفۆد‏: بەرسینەیەکی تایبەت بووە بە سەرۆکی کاهینان، کە هێمای نوێنەرایەتی کاهین بوو بۆ گەلی خودا.
بابل‏: وشەیەکی ئەکەدییە و بە واتای دەرگای خودا دێت، پایتەختی پاشایەتی بابلییەکان بووە لە ساڵانی (٦٠٥‏:٥٣٩) پ. ز.. ناوی بابل بووە هێما بۆ ئەو دەسەڵاتەی بەرەنگاری خودا دەبێتەوە. لە پەیمانی نوێدا ناوی بابل وەک هێما بۆ شاری ڕۆما بەکارهێنراوە.
باجگر‏: ئەو کەسە بوو کە باجی لە خەڵکی وەردەگرت بۆ حکومەت. هەندێک لە جولەکەکانی فەلەستین هەڵدەستان بە ئەنجامدانی ئەم کارە بۆ ڕۆمانییەکان بەرامبەر ئەوەی باجێکی زیاتر لە خەڵکی وەرگرن بۆ خۆیان. لەبەر ئەوە خەڵکی ڕقیان لە باجگران دەبووەوە، بە چاوێکی سووک تەماشایان دەکردن. (مەتا ٩‏:١٠‏-١١‏)
بەرەکەت‏: لە زمانی کوردی پێشی دەگوترێ (فەڕ)، بەخشینی خودایە بە دڵفراوانییەوە.
بەعل‌زەبول‏: یەکێکە لە ناوەکانی شەیتان. سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانە. (مەتا ١٢‏:٢٤‏)
بەڕۆژووبوون‏: لە ئامۆژگارییەکانی مەسیح دەربارەی ڕۆژووگرتن هیچ یاسایەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو باوەڕدار ئازادە لە دیاریکردنی کات و ماوە و جۆری ڕۆژووگرتن، چونکە ڕۆژووگرتن شتێکی تایبەتی نێوان باوەڕدار و خودایه. (مەتا ٦‏:١٦‏)
بیری بێ بن‏: بە یۆنانی پێی دەگوترێت ئەبیسۆس. مرۆڤی بێ باوەڕ لە دوای مردنی دەخرێتە بیری بێ بنەوە. لەو شوێنەش هیچ پەیوەندییەکی نابێت لەگەڵ خودا و لە تاریکیدا دەبێت. لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەرەو دۆزەخ دەنێردرێ. (لۆقا ٨‏:٣١؛ ئاشکراکردن ٩‏:١‏)
بێتاوانکردن‏: ئەم زاراوەیە تەنها دادوەر بۆی هەیە کاری پێ بکات. خودا گوناهبار بێتاوان دەکات کاتێک دان بە تاوانەکانی دەنێ و باوەڕ دەهێنێ بەوەی کە مەسیح لەسەر خاچ تاوانەکانی ئەوی هەڵگرتووه و بێتاوانیی خۆی داوەتێ. (ڕۆما ٣‏:٢٤‏)
بێت‌لەحم‏: شارێکی بچووکە لە دووری هەشت کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای ئۆرشەلیم. عیسای مەسیح و داودی پاشا لەم شارە لەدایک بوون. (مەتا ٢‏:٥‏)
پاشایەتی ئاسمان‏( شانشینی ئاسمان، یان پاشایەتی خودا، یان شانشینی خودا): ئەم پاشایەتییە لە ئاسمانە و خودا خۆی پاشایەتی و خواستی تەواوی خودای تێدا پەیڕەو دەکرێ. مرۆڤیش کاتێک باوەڕ دەهێنێ و لە ڕۆح لەدایک دەبێتەوە (یۆحەنا ٣‏:٣‏-٥‏)، دەبێتە ئەندام و داردەستی خودا لەو پاشایەتییە و بەپێی خواستی ئەو دەژی. پاش ئەوەی مژدە دەدرێتە هەموو گەلان، لە دووەم هاتنەوەی مەسیحدا ئەم پاشایەتییە دێتە سەر زەوی. (ئاشکراکردن ٢١؛ مەتا ٤‏:١٧‏)
پەردەی پەرستگا‏: مەبەست لەو پەردەیەیە کە شوێنی پیرۆز لە شوێنی هەرە پیرۆز جیادەکاتەوە لەناو پەرستگا (عیبرانییەکان ٩‏:٣‏). هێمای بەربەستی ڕێگایە لەنێوان خودا و خەڵک، بەهۆی گوناه. بەڵام بە خۆبەختکردنی عیسا لەسەر خاچ پەردەکە دڕا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هیچ بەربەستێک نەما لە نێوان شوێنی پیرۆز و هەرە پیرۆز، هەروەها واتای ئەوەیە عیسا ڕێگایە بۆ ئاسمان. (مەتا ٢٧‏:٥١‏)
پەرستگا‏: حەزرەتی سلێمان لە ساڵی چوارەمی حوکمڕانی، نزیکەی ساڵی (٩٦٨) پ. ز. بە فەرمانی خودا پەرستگایەکی دروستکرد ، بۆ ئەوەی جولەکەکان قوربانی تێدا پێشکەش بکەن بۆ خودا. لە کاتی ڕاپێچکردن بۆ بابل تێکدرا، پاشان چاککرایەوە. دیسان لە ساڵی (٧٠) ز. بە دەستی ڕۆمانییەکان وێران کرا، لەو کاتەوە چاک نەکراوەتەوە. ئەم پەرستگایە هەتا ئێستاش پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە لەلای جولەکەکان. (یۆحەنا ٢‏:١٤‏-١٥‏)
پەسخە‏: لە زمانی عیبری پێی دەگوترێ پەسەح‏، واتە تێپەڕبوون یان لێخۆشبوون. ئەم جەژنە یادی ئەو ڕۆژانەیە کە گەلی خودا لە میسر بوون و خودا سزای فیرعەون و گەلەکەی دا و نۆبەرەکانی لێ کوشتن، بەڵام فریشتەی سزادان لە ماڵە جولەکەکان تێپەڕی و سزای ئەوانی نەدا. بڕوانە (دەرچوون ١٢‏:٢٧‏).
پەیمان‏: بەو پەیوەندییە دەگوترێت کەوا دوو لایەن یان زیاتر بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە پێویستیان بە یەکترە و سوودی هەموو لایەکی تێدایە. بەڵام پەیمان لەنێوان‎ خودا و مرۆڤ جیاوازە، چونکە خودا پێویستی بە مرۆڤ نییە تاکو پەیمانی لەگەڵ ببەستێ، بەڵکو لەبەر ئەوەی مرۆڤی خۆشدەوێ بۆیە بەهۆی خوێنی مەسیح پەیمانی خۆشەویستی لەگەڵ مرۆڤ دەبەستێ. (گەلاتیا ٣‏:١٥‏)
پەیمانی کۆن‏: باوەڕدارانی مەسیح بە پەڕتووکە پیرۆزەکانی جولەکەکان دەڵێن پەیمانی کۆن، کە دەکرێتە سێ بەش، بە عیبری: ١ - تەورا، واتا تەورات، ٢ - نەبییم، واتا نووسراوی پێغەمبەران، ٣ - کەتوبیم، واتا نووسراوە مێژووییەکان، زەبووری حەزرەتی داود، پەندەکانی حەزرەتی سلێمان لەگەڵ چەند نووسراوێکی دیکەیە. پێغەمبەران، ئیرمیا و حزقیال لە نەبییم پێشبینی ئەوەیان کرد کە خودا بە هۆی مەسیح پەیمانێکی نوێ لەگەڵ هەموو گەل دەبەستێ. باوەڕداران بە مەسیح باوەڕیان وایە هەموو کتێبی پیرۆز وتەی خودایە و بەسوودە بۆ فێرکردن و شایەتیدان لەسەر ژیان و مردن و هەستانەوەی عیسای مەسیح. (دووەم تیمۆساوس ٣‏:١٦؛ لۆقا ٢٤‏:٤٤‏).
پەیمانی نوێ‏: ئەو پەیمانەیە کە خودا لەگەڵ باوەڕدارانی عیسای مەسیح بەستوویەتی بە خوێنڕشتنی مەسیح و لەخاچدانی، بۆ لێخۆشبوونی گوناه و بەخشینی ڕۆحی پیرۆز. لەبەر ئەمە بە ئینجیل دەگوترێت پەیمانی نوێ. (عیبرانییەکان ٨‏:١‏-١٣؛ لۆقا ٢٢‏:٢٠‏)
پیر‏: لە کەلتوری جولەکەدا بە سەرۆکی خێزان و هۆزەکان دەگوترێ پیر، کە بەشێکی زۆری ئەنجومەنی باڵای جولەکە پێکدەهێنن. وشەی پیران لە پەیمانی نوێ بۆ ئەندامانی سێ کۆمەڵی جیاواز بەکارهێنراوە: ١. لە ئینجیلدا پیران ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکەن، (مەتا ١٦‏:٢١‏). ٢. لە کرداری نێردراوان ئەو باوەڕدارانەن کە ڕابەرایەتی کڵێسا دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان، نامەکانیش ئاراستەی ئەوان کراوە، (یەکەم تیمۆساوس ٥‏:١٧‏). ٣. لە ئاشکراکردنی یۆحەنا، ئەو بیست و چوار پیرەی لە دەوری تەختی خودان، نوێنەرایەتی گەلی خودا دەکەن، (ئاشکراکردن ٥‏:٨‏).
پیرۆز‏: یەکێکە لە ئاکارە بنچینەییەکانی خودا، پێویستە مرۆڤ لە پیرۆزی خودا بترسێت، (عیبرانییەکان ١٢‏:٢٨‏-٢٩‏). بە عەرەبی دەبێتە قدوس. باوەڕدار بانگکراوە بۆ تەرخانکردنی جەستەی خۆی بۆ خودا وەک قوربانییەکی زیندوو لە پیرۆزی خودا (رۆما ١٢‏:١؛ یەکەم پەترۆس ١‏:١٥‏)
پیرۆزگا‏: لە سەردەمی موساوە چادری پەرستن هەبووە کە پێشیان دەگوت پیرۆزگا، ئەمە بەردەوام بوو هەتا ئەو کاتەی کە سلێمان پەرستگای دروستکرد و بوو بە بەشێک لە پەرستگا. پێغەمبەران و کاهینان لە پیرۆزگا مەراسیمە ئایینییەکانی بە ئەنجام دەگەیاند.
پیلاتۆس‏: فەرمانڕەوایەکی ڕۆمانی بوو لەسەر یەهودیا و سامیرە و ئادوم، لە ساڵانی (٢٦‏:٣٦) ز.. پیلاتۆس بە دڵڕەقی و توندی ناوبانگی دەرکردبوو بە تایبەتی بەرامبەر بە جولەکەکان. (لۆقا ٣‏:١‏)
تەورات‏: بە پێنج پەڕتووکی سەرەتای پەیمانی کۆن دەگوترێت تەورات. تێیدا ئەو ڕاسپاردانە هەیە کە خودا لەسەر چیای سینا لە ڕێگای موساوە بە گەلی ئیسرائیلی ڕاگەیاند. هەروەها بە شەریعەتی موساش بەناوبانگە. (مەتا ٥‏:١٧‏)
تۆبەکردن‏: واتا گۆڕانی دڵ و بیر سەبارەت بە ئەنجامدانی شتێک و گرتنەبەری ڕێگای پێچەوانە، هەروەها وازهێنان لە ڕێگای شەیتان و گرتنەبەری ڕێگای خودا. تۆبەکردن بەخشینی خودایە. (کردار ١١‏:١٨؛ مەتا ٣‏:٢‏)
جەژنی پەسخە‏: یەکێکە لە گەورەترین جەژنەکانی جولەکە. جولەکەکان لەم جەژنەدا یادی ئەو شەوە دەکەنەوە کە فریشتەی مردن نۆبەرەی میسرییەکانی کوشت و هی ئەوانی پاراست. ئەم جەژنە لە وەرزی بەهاردا ساز دەکرێت. عیسا لەم جەژنەدا لە خاچ درا، دوایی هەستایەوە و بەسەر مردندا زاڵبوو، بۆیە باوەڕداران بە مەسیحیش لە کاتی جەژنی پەسخەدا جەژنی هەستانەوەی مەسیح دەگێڕن. (لۆقا ٢٢‏:٧‏)
جەژنی فەتیرە‏: جەژنێکی جولەکەیە کە حەوت ڕۆژ دەخایەنێت. لەو چەند ڕۆژەدا نابێت نانی بە هەویرترش بخورێت چونکە یادی ڕزگاربوونی جولەکەکانە لە کۆیلایەتی میسر. (مەتا ٢٦‏:١٧‏)
جەژنی کەپرەشینە‏: جەژنێکە دەکەوێتە پازدەیەمین ڕۆژی مانگی حەوتی ساڵنامەی جولەکە. هەشت ڕۆژ دەخایەنێت، ڕۆژی یەکەم و ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی ئایینی گەورە دەگێڕن. لەم جەژنەدا یادی ئەو چل ساڵەی جولەکە دەکەنەوە کە لەدوای دەرچوونیان لە میسر لەناو بیاباندا ژیان. (لێڤییەکان ٢٣‏:٣٣‏-٤٣‏)
جیهانی مردووان‏: لە یۆنانی پێی دەگوترێ هادیس و لە عیبری شیۆل. ئەو شوێنەیە کە ڕۆحی مردووان تێیدا چاوەڕێ دەکەن تاکو کاتی حوکمدان. (مەتا ١١‏:٢٣؛ ئاشکراکردن ٦‏:٨‏)
چادری پەرستن‏ یان چادری چاوپێکەوتن‏: شوێنی خواپەرستی و قوربانیکردن بووە بەر لە دروستکردنی پەرستگا. لەو شوێنە موسا و پێغەمبەران لەگەڵ خودا دواون. (دەرچوون ٢٦؛ ٢٧‏:١١‏)
چاودێر‏: ئەو کەسانەن کە لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵەی باوەڕداران (کڵێسا) و یارمەتیدانی باوەڕداران و گەشەپێکردنیان. لە عەرەبی پێ دەگوترێت (أسقف). (تیتۆس ١‏:٧‏)
خاچ‏: دوو دارە لەسەر شێوەی نیشانەی کۆکردنەوە (+) بەیەکەوە بەستراون، لای خوارەوەی درێژترە لە لایەکانی دیکە. لە سەردەمی ڕۆمانییەکان دز و پیاو خراپ لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە دەست کراوەیی بە بزماری گەورە پێیدا کوتراوە و بە بەرزییەوە هەڵواسراوە تا هەناسەی لێ بڕاوە. بەڵام لەدوای لەخاچدانی عیسا، لەلای باوەڕداران خاچ بووە نموونەی قوربانیدان. عیسا بە مردنی لەسەر خاچ بووە قوربانی بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان و بەدەست‏هێنانی ژیانی هەتاهەتایی. (مەتا ٢٧‏:٣٢‏)
خەتەنەکردن‏: سونەتکردنیشی پێ دەگوترێت. کاتێک ئیبراهیم تەمەنی ٩٩ ساڵ بوو، خودا خۆی بۆ دەرخست و پێی فەرموو: ئەگەر لە ڕێی من لانەدەی پەیمانت لەگەڵ دەبەستم، نەوەت زۆر دەکەم، زەوی کەنعان ( فەلەستین) دەدەمە نەوەکانت. نیشانەی پەیمانیش ئەوە دەبێت کە هەموو کوڕێکت لە تەمەنی هەشت ڕۆژی خەتەنە بکەی. (پەیدابوون ١٧؛ کردار ٧‏:٨‏)
خەرتەلە: بە عەرەبی پێی دەگوترێت (خردل). تۆوێکی بچووکە، بەهاراتی لێ دروستدەکرێت. جۆرێکی هەیە لە فەلەستین و دەوروپشتی دەڕوێت، نزیکەی دوو مەتر بەرزدەبێتەوە و باڵندەیەکی زۆری لەسەر دەنیشێتەوە بۆ خواردنی بەرەکەی. (مەتا ١٣‏:٣١‏)
خوێنگر‏: بەگوێرەی دەستووری دابەشکردنی زەوی خاکی بەڵێنپێدراو نابێت هیچ خێزانێک موڵکی خۆی لەدەست بدات. ئەگەر بەهۆی هەژاری موڵکەکەیان بفرۆشنە خێزانێکی دیکە، پێویستە لەدوای پەنجا ساڵ بگەڕێنرێتەوە بۆ خێزانەکەی خۆی. هەروەها یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە مافی هەبوو پێش تەواوبوونی پەنجا ساڵەکە موڵکەکە وەربگرێتەوە، ئەگەر نرخی ئەو ساڵانەی کە ماونەتەوە بداتەوە ئەو کەسەی کە کڕیویەتی. هەروەها خوێنگر مافی تۆڵەکردنەوەی هەیە لە کاتی ڕوودانی کێشەیەک، مافی وەرگرتنی میراتی هەیە ئەگەر کەسێکی دیکەی لەو نزیکتر نەبوو لە کەسەکە.
داود‏: داودی پاشا ئەو کەسەیە زەبووری نووسیوەتەوە، لە کوردەواری حەزرەتی داودی پێ دەگوترێ. دووەم پاشای ئیسرائیل بوو، لە ساڵی (١٠١٠) پ. ز. هاتە سەر تەختی پاشایەتی. بە مەزنترین پاشای ئیسرائیل دادەنرێ. (مەتا ١‏:١‏)
دە شارەکە‏: بە یۆنانی پێی دەگوترێت دیکاپۆلیس. ئەو شارانە بوون کە یۆنانییەکان تێیدا بە سەربەخۆیی دەژیان، دەکەوتنە ڕۆژهەڵاتی دەریای جەلیل. پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری بە یەکترەوەی بەستبوون. (مەتا ٤‏:٢٥‏)
دەریاچەی جەلیل‏: دەریاچەیەکی گەورەیە ڕووباری ئوردونی پێدا تێدەپەڕێت، کەوتووەتە ناوچەی جەلیل لە باکووری فەلەستین. درێژی دەریای جەلیل نزیکەی بیست و سێ کیلۆمەترە و پانییەکەشی سێزدە کیلۆمەتر، قووڵاییەکەشی لەنێوان بیست تا چل و پێنج مەتردایە. ئەم دەریاچەیە دوو سەد و چوار مەتر نزمترە لە ئاستی ڕووی دەریا. هەروەها ئاوەکەی شیرینە. چەند شارێکی گرنگ لەسەر کەنارەکانی هەیە، وەک: بێت‏سەیدا لە ڕۆژهەڵات و جەنیسارەت و کەفەرناحوم و مەجدەل و تەبەرییە لە ڕۆژئاوا. ناوی دیکەشی هەیە، وەک: دەریاچەی جەنیسارەت بە ناوی دەشتی جەنیسارەتی بەپیت لەسەر کەناری باکووری ڕۆژئاوا. هەروەها دەریاچەی تەبەرییە بەناوی شاری تەبەرییە. (مەتا ٤‏:١٨‏)
دژە مەسیح‏: کەسێکە کە دژی پەیامی مەسیح دەجەنگێت، درۆ دەکات، نکۆڵی لە پەروەردگاربوونی عیسای مەسیح دەکات و لە ڕۆژانی کۆتایی جیهان دەردەکەوێت. (یەکەم یۆحەنا ٢‏:١٨‏-٢٢؛ دووەم یۆحەنا‏ ٧‏)
دینار‏: وشەی دینار لە وشەی دیناریۆسی لاتینییەوە هاتووە. لە سەردەمی ڕۆمانییەکانەوە مامەڵەی پێ کراوە. لە زیو دروستکراوە و قورسایی سێ گرام بووە. لە سەردەمی عیسا دینار وێنەی قەیسەری ئەوسای لەسەر بووە. هەروەها ڕۆژانەی کرێکارێکیش نزیکەی یەک دینار بووە. (مەتا ٢٢‏:١٩‏)
ڕاحاب‏: ژنێکی داوێنپیس بوو لە شاری ئەریحا دەژیا، لە سەدەی سێزدەمین پ. ز. دوای ئەوەی ئەو دوو سیخوڕەی یەشوعی کوڕی نون ناردبوونی بۆ ئەریحا ئاشکرا بوون، ڕاحاب ئەو دوو پیاوەی شاردەوە، چونکە باوەڕی وابوو خودا ئەریحا دەخاتە ژێردەستی جولەکەکان، بەم جۆرە ڕاحاب ڕزگاری بوو. (یەشوع ٢‏:١‏-٢٤، ٦‏:٢٥؛ یاقوب ٢‏:٢٥‏-٢٦‏)
ڕاستودروستی‏: ئەمە وەرگێڕانی وشەی (دیکایۆسونێ‌)ی یۆنانییە، هەندێک جار لە زمانی کوردیدا بە مانای دادپەروەریش دێت (ڕۆما ٣‏:٢٥‏-٢٦‏)، هەروەها بە مانای بێتاوانکردنیش دێت (ڕۆما ١‏:١٧؛ ٣‏:٢١‏-٢٢‏). کەس نییە بە تەواوی ڕاستودروست بێت تەنها خودا نەبێ، چونکە ڕاستودروستی گەورەترە لەوەی مرۆڤ تەنها مرۆڤێکی باش بێ، بەڵکو ئاراستەکردنی ژیانە بە تەواوی بەرەو خودا، بۆیە تەنها بە نیعمەتی خودا مرۆڤ ڕاستودروست دەبێت.
ڕۆحی پیرۆز‏: سروشت و کەسایەتی و دەسەڵاتی خودایه. ئەم ڕۆحە لە عیسای مەسیحدا بوو، ئێستاش لە هەموو باوەڕدارێکە بە مەسیح. ڕۆحی پیرۆز باوەڕدار پیرۆز دەکات و یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی بگۆڕێ بۆ شێوەی مەسیح، هەروەها ڕێنمایی دەکات و فێری ‎دەکات. (یۆحەنا ١‏:٣٣‏)
ڕۆحی پیس‏: لە کەلتوری کوردی جنۆکەشی پێ دەگوترێت، بوونەورێکی نەبینراوە و خزمەتکاری شەیتانە، دەچێتە ناو مرۆڤەکان و لایەنی تەندروستی و باری دەروونییان دەشێوێنێت. (مەتا ١٢‏:٢٢‏-٤٥‏)
ڕۆژی دوایی‏: ڕۆژی کۆتایی هاتنی جیهان و ڕۆژی لێپرسینەوەیە. هەروەها ڕۆژی دووەم هاتنەوەی عیسایە بە شکۆدارییەوە. لەم ڕۆژەدا خراپەکاران سزا دەدرێن و باوەڕداران خەڵات‎ دەکرێن. (یۆحەنا ٦‏:٣٩‏-٤٠‏)
زەکەریا‏: لە کتێبی پیرۆزدا دوو کەس هەبوون بەناوی زەکەریا: ١. زەکەریای پێغەمبەر لە سەدەی شەشەمی (پ. ز.) ژیاوە، لە کتێبی پیرۆزدا پەڕتووکێکی بەناوی خۆی هەیە، پێشبینی هاتنی مەسیحی کردووە. (لۆقا ١١‏:٥١‏) ٢. زەکەریای کاهین پێش هاتنی مەسیح ژیاوە، باوکی یەحیای لەئاوهەڵکیشیش بووە. (لۆقا ١‏:٥‏).
سامیرە‏: بەشی ناوەڕاستی فەڵەستینە، پایتەختەکەی سامیرەیە، لە سەردەمی هێرۆدسی گەورە ناوی گۆڕا بۆ مبسەتە. (یۆحەنا ٤‏:٤‏)
سامیرەییەکان‏: تێکەڵەیەکن لە خەڵکی جولەکە و ئاشوری. دوای گەڕانەوەیان لە بابل لە سەدەی هەشتەمینی پ. ز. دەستیان بەسەر ناوچەی سامیرەدا گرت. سامیرەییەکان باوەڕیان تەنها بەو پێنج پەڕتووکە هەبوو کە موسا نووسیویەتی (تەورات). پەرستگایەکیان لەسەر چیای سامیرە دروستکرد . لەگەڵ جولەکەکان دوژمنایەتییەکی توندیان هەبوو، چونکە جولەکەکان ئەوانیان بە کافر دادەنا. (یۆحەنا ٤‏:٩‏)
ساوفیلۆس‏: ناوێکی یۆنانییە بە واتای خۆشەویستی خودا دێت. ساوفیلۆس ئەو پیاوە ڕۆمانییەیە کە لۆقا مژدەی داوەتێ. لەوە دەچێت پیاوێکی ناودار بووبێت، زۆر کەس دەڵێن پارێزەر بووە و بەرگری لە پۆڵۆسی نێردراو کردووە کاتێک لە ڕۆما زیندانی کراوە. (لۆقا ١‏:١‏)
سندوقی پەیمان‏: وەرگێڕانی وردی وشە عیبرییەکە دەبێتە سندوقی شایەتی. ڕاسپاردەکانی خودا بۆ گەلی ئیسرائیل لە ڕێگەی موساوە لەناو ئەو سندوقە هەڵگیرابوو، لە شوێنی هەرە پیرۆز دانرابوو.
سەدوقییەکان‏: کۆمەڵێک جولەکەن کە زۆربەی ئەندامەکانی کاهینن. لە سەردەمی مەسیح سەرۆک کاهین یەکێک بوو لەوان. سەدوقییەکان باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوەی مردووان نییە. ئەوان لایەنگری ڕۆمانییەکان بوون. هەروەها هەردەم لەگەڵ فەریسییەکان ناکۆک بوون، بەڵام لەسەر دژایەتیکردن و کوشتنی مەسیح لەگەڵیان ڕێککەوتن. (مەتا ٢٢‏:٢٣‏)
سەدۆم‏: لە سەردەمی پێغەمبەر لوت دانیشتووانی شاری سەدۆم هەموو خراپەکار بوون، بۆیە کەوتنە بەر تووڕەیی خودا، تەنها حەزرەتی لوت و دوو کچەکەی ڕزگاریان بوو. سەدۆم بووە نموونەی ئەو شارانەی خراپەکاریان زۆرە. (لۆقا ١٠‏:١٢‏)
سەرۆک کاهین‏: سەرۆکی هەموو پیاوە ئایینییەکانە، کە لە پەرستگای ئۆرشەلیم دادەنیشێت، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەن و بەرپرسی یەکەمە لە ژیانی ئایینی جولەکەکان. پەیوەندی ڕێکخەری نێوان مرۆڤ و خودایە، هەر بۆیە تەنها ئەو دەیتوانی بچێتە شوێنی هەرە پیرۆز. (عیبرانییەکان ٧‏:٢٧‏)
سەنهەدرین‏: واتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە. لە سەردەمی مەسیح ئەم ئەنجومەنە هەبوو، بریتی بوو لە حەفتا و یەک ئەندام، سەرۆکی کاهینەکان یەکێک بوو لەوان‏ و سەرکردایەتی ئەنجومەنەکەی دەکرد. هەر ئەم ئەنجومەنەش بوو کە مەسیحی گرت و دادگایی کرد. (مەتا ٢٦‏:٥٩‏)
سینا‏: ناوچەیەکی بیابانییە کە دەکەوێتە نێوان میسر و فەلەستین. چیای سیناش کە موسا لەسەری خودای بینی، دەکەوێتە هەمان ناوچە. لەوێ خودا سروشی بۆ موسا نارد. هەروەها بە چیای حۆرەیبیش بەناوبانگە. (کرداری نێردراوان ٧‏:٣٠‏)
شاری داود‏: شاری ئۆرشەلیم (قودس)، شاری (پاشای مەزن)یشی پێ دەگوترێ. (ڕۆما ٩‏:٣٣‏)
شەرابی پێشکەشکراو‏: مەبەست لەو شەرابەیە کە وەک قوربانی پێشکەش بە خودا دەکرا و دەڕژێنرا. هەندێک جار لەگەڵ ئاژەڵی قوربانیش پێشکەش کراوە.
شەریعەت‏: ئەو ئەرک و فەرمانانەیە کە خودا لە ڕێگای موساوە بە گەلی ئیسرائیلی داوە.
شەممە‏: لە وشەی شەباتی عیبرییەوە هاتووە کە بە واتای پشوو دێت. خودا لە ماوەی شەش ڕۆژدا لە کاری بەدیهێنان تەواو بوو، ڕۆژی حەوتەم کە دەکاتە شەممە پشووی دا. خودا ئەم ڕۆژەی کردە ڕۆژی پشوودان بۆ گەلی جولەکە. شەممە لەلای جولەکەکان ڕۆژێکی پیرۆزە. بەپێی تەورات هەموو جۆرە کارێک قەدەغەیە. جولەکەکان لەم ڕۆژەدا تەنها خەریکی خواپەرستی و نوێژ و خوێندنەوەی وشەی خودا و فێربوونی ئایینی دەبن.
شەیتان‏: بڕوانە ئیبلیس.
شوێنی پیرۆز‏: شوێنێکی تایبەت بووە لەنێو پیرۆزگا، کاهین ڕۆژانە سەردانی دەکرد و قوربانگای بخوور و مێزی نانی پێشکەشکراو و چرادانی لێبووە. پەردەیەک هەبووە کە شوێنی هەرە پیرۆزی لە شوێنی پیرۆز جیا دەکردەوە. (دەرچوون ٢٦‏:٣١‏-٣٥‏)
شوێنی هەرە پیرۆز‏: شوێنێکی تایبەت و دابڕاو بووە لەناو پەرستگا کە ساڵانە تەنها سەرۆک کاهین بۆی هەبووە تەنها یەک جار بچێتە ئەوێ بۆ داوای لێخۆشبوون لە گوناهەکانی گەلی خودا. (عیبرانییەکان ٩‏:٣‏-٧‏)
عیبرانییەکان‏: مەبەست لە جولەکەکانە، بە زمانەکەشیان دەگوترێ عیبری. (فیلیپی ٣‏:٥‏)
عیسا‏: لە ئیسۆسی یۆنانی وەرگیراوە، لە عیبری پێی دەگوترێ یەشوع، واتا خودا ڕزگارکەرە. (مەتا ١‏:٢١‏)
فەریسییەکان‏: کۆمەڵێکی ئایینی جولەکەن کە لە بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان و ڕاسپاردەکانی تەورات توندڕەون. زۆر لە مامۆستایانی تەورات لەوان بوون. پۆڵسیش بەر لەوەی باوەڕ بهێنێ یەکێک بوو لەوان. فەریسییەکان باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوەی مردووان و بە هەموو نووسراوەکانی پەیمانی کۆن هەبوو. زۆر بە توندی دژی مەسیح وەستان و کاریان کرد بۆ کوشتنی. (مەرقۆس ٧‏:٣‏)
قوتابی مەسیح‏: بەو دوازدە کەسە دەگوترێت کە عیسا هەڵیبژاردن تاکو ببنە نێردراو. هەروەها بەو کەسەش دەگوترێت کە دوای عیسا دەکەوێت و باوەڕی پێ دەهێنێت. (یۆحەنا ٨‏:٣١، ١٣‏:٣٥، ١٥‏:٨؛ لۆقا ١٤‏:٢٦‏-٢٧‏)
قوربانگا‏: لەسەر شێوەی مێزێک بوو، قوربانییان لەسەری پێشکەش دەکرد. گۆشەکانی لای سەرەوەی بە پیرۆزترین شوێن دادەنران. لە شاری ئۆرشەلیمیش دوو قوربانگا هەبوو: قوربانگای بخورد و قوربانگای قوربانی. (لۆقا ١‏:١١‏)
قوربانی‏: خودا فەرمانی بە جولەکەکان کرد کە لە پێناوی کەفارەتی گوناهەکانیان قوربانی بکەن، (دەرچوون ٢٩‏:٣٦‏). قوربانی زۆر جۆری هەبووە و بە زۆر شێواز پێشکەشکراوە. لەوانە، قوربانی تاوان، قوربانی بە ئاگر (قوربانی سووتاندن)، قوربانی هاوبەشی، قوربانی بەرزکردنەوە (قوربانی ڕاوەشاندن)، پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو. قوربانی بە زۆر جۆر پێشکەش دەکرا، لە هەمووی باوتر پێشکەش کردنی ئاژەڵ بوو، بۆ ئەوەی بزانن کە بۆ هەموو گوناهێک پێویستە خوێن بڕژێ. مەسیح هات بۆ تەواوکردنی ئەم یاسایە بەوەی لەسەر خاچ خوێنی ڕژا بۆ کەفارەتی گوناهی مرۆڤ و پاکبوونەوەی. واتا چیتر پێویست ناکات بۆ پاکبوونەوەی گوناه قوربانی پێشکەش بکرێت. (عیبرانییەکان ٩‏:١١‏-٢٧؛ لۆقا ١‏:١١‏)
کاهین‏: لە وشەی (کوهن)ی عیبرییەوە وەرگیراوە. کاهین پلەیەکی ئایینی جولەکەیە، هەڵدەستا بە پێشکەشکردنی ئەو قوربانییانەی بۆ لێخوشبوون لە گوناهەکانی خۆی و هەموو گەل بوون. هارونی برای موسا یەکەم کاهینی جولەکەکان بوو، لە هۆزی لێڤی بوو، بۆیە ئەم کارە تایبەت بوو بە لێڤییەکان. (لۆقا ١‏:٥‏)
کفر‏: هەر وشەیەک کە سووکایەتی بکات بە خودا و مەسیح و ڕۆحی پیرۆز پێی دەگوترێت کفر. (لۆقا ٢٢‏:٦٤‏-٦٥‏)
کەفارەت‏: واتا داپۆشینی گوناهبار لە تووڕەیی خودا. لە پەیمانی کۆن بە سەربڕینی بەرخێک یان گایەکی بێ کەموکوڕی کەفارەتیان دەکرد. مەسیح بووە کەفارەت بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕ بەو قوربانییە دەهێنن، بۆیە کاتێک یەحیای کوڕی زەکەریا لەسەر ڕووباری ئوردون عیسای مەسیحی بینی، گوتی: (ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات.) بڕوانە (یۆحەنا ١‏:٢٩؛ عیبرانییەکان ٢‏:١٧؛ یەکەم یۆحەنا ٢‏:٢، ٤‏:١٠؛ ڕۆما ٣‏:٢٥‏)
کەفەرناحوم‏: شارێکە لەسەر دەریاچەی جەلیل. (مەتا ٤‏:١٣‏)
کەنیشت‏: لە هەر شارێک دە خێزانی جولەکە یان زیاتر هەبووایە، شوێنێکیان تەرخان دەکرد بۆ نوێژکردن و فێربوونی تەورات، بەو شوێنە دەگوترا کەنیشت. (لۆقا ٤‏:١٦‏)
کەڕوب‏: پەیکەرێکی شێوە فریشتە و مرۆڤ بووە، باڵەکانی بەسەر سندوقی پەیماندا کردبووەوە، وەک هێمایەک بۆ پاراستنی ئەو سندوقە.
کوڕی خودا‏: بە مەسیح دەگوترێ، چونکە لە تێگەیشتنی جولەکەکان، یەکێکە لە ناونیشانەکانی مەسیح. بڕوانە (زەبووری ٢‏،١١٠؛ لۆقا ١‏:٣٥‏). ئەمەش واتای ئەوە نییە مەسیح لە ئەنجامی پەیوەندییەکی سێکسی لەنێوان خودا و مریەم هاتووەتە دنیا، حاشا! ئەمە گەورەترین کفرە. بەڵکو لە ڕۆح‎ کوڕی خودایە، چونکە مەسیح هەموو سروشتی خودای تێدا بوو، وەک: پیرۆزی و دەسەڵات و ڕاستودروستی و بەزەیی و خۆشەویستی و دانایی... هتد.
کوڕی داود‏: بە مەسیح گوتراوە چونکە لە دایکەوە (مریەم) ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ داود، هەروەها بە هەمان شێوە لە یوسفی مێردی مریەمیش. (مەتا ٢١‏:٩‏)
کوڕی مرۆڤ‏: بە مەسیح گوتراوە، چونکە سروشتی مرۆڤی تێدا بوو، لە برسیبوون و تینووبوون و ئازارچێژتن و غەمخواردن و... هتد. (دانیال ٧‏:١٣‏-١٤؛ مەتا ١٦‏:١٣‏)
کڕینەوە (بە خوێن)‏: واتا کڕینەوەی سەری کەسێک یان ڕزگارکردنی ژیانی لە کۆیلایەتی، بە پارە یان بە خۆبەختکردن بۆی. (لۆقا ١‏:٦٨؛ ئاشکراکردن ٥‏:٩‏)
گوناه‏: یاخیبوونە لە دژی خودا و لە ناخی مرۆڤدا ڕەگی داکوتاوە، ئەمەش پەیوەندی بە مێشکەوە هەیە، دەرئەنجامەکەشی ئەو بیرکردنەوە و وتە و کارانەیە کە دەبنە مایەی دڵتەنگی بۆ خودا، بۆیە خودا تووڕەیی خۆی ئاراستەی گوناه کردووە. (مەرقۆس ٧‏:٢٠‏-٢٣؛ یەکەم یۆحەنا ٣‏:٤‏)
لەئاوهەڵکێشان‏: لە زمانی عەرەبی پێی دەگوترێت تعمید‏، لە زمانی یۆنانیش پێی دەگوترێت باپتیزۆ‏. کاتێک مرۆڤ لەناو ئاوەکە دەشورێت و نوقوم دەبێت لە ژیانە کۆنەکەی دەمرێت، کاتێک هەڵدەستێتەوە ژیانێکی نوێ دەستپێدەکات. لەئاوهەڵکێشان هێمایەکی دەرەکییە بۆ گۆڕانێکی ناوەکی، کاتێک باوەڕدار لە ڕۆح لەدایک دەبێتەوە. لەئاوهەڵکێشان فەرمانە لەسەر ئەوانەی حەز دەکەن تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا. (مەتا ٣‏:١١‏)
لێڤی‏: ناوێکی پیاوانەی عیبرییە. یەکێک لە کوڕەکانی حەزرەتی یاقوب ناوی لێڤی بوو، بۆیە یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل بەم ناوەیە. بڕوانە وشەی کاهین. (کردار ٤‏:٣٦‏)
ماری چۆڵەوانی‏: کاتێک جولەکەکان لە بیابانی سینا بوون ناڕەزاییان بەرامبەر خودا دەربڕی، بۆیە خودا ماری ناردە سەریان، بەمە ژمارەیەکی زۆریان لێ مرد. کاتێک هەموو تۆبەیان کرد، خودا بە موسای فەرموو مارێک لە مس دروست بکە و بەرزی بکەوە، تاوەکو هەر کەسێک مار پێوەی بدات تەماشای ئەو مارە بکات و چاک بێتەوە. لەو کاتەدا مار هێمای خراپە بوو، ئەوەی سەیری دەکرد گوناهەکەی خۆی دەبینی و چاک دەبووەوە. لەو کاتەی مەسیحیش لەسەر خاچ هەڵواسرابوو، گوناهی هەموو جیهانی بەسەر شانەوە بوو، جا هەر کەسێک سەیری خاچەکەی مەسیح بکات و گوناهەکانی خۆی لەسەریەوە ببینێ و تۆبە بکات، خودا لە گوناهەکانی خۆش دەبێت. (یۆحەنا ٣‏:١٤؛ ئامارەکان ٢١‏:٤‏-٩‏)
مامۆستای تەورات‏: لە زمانی کوردی پێی دەگوترێ مالم. کەسایەتییەکی جولەکەیە کە شارەزایی لە تەورات هەیە و خەڵکی فێری تەورات و فەرمانەکانی خودا دەکات.
مەسیح‏: لە وشەی مەشییای عیبرییەوە هاتووە بە واتای دەستنیشانکراو بە چەورکردن. لەلای جولەکەکان تەنها پاشا و پێغەمبەر و کاهین دەستنیشان دەکران. بەپێی پێشبینییەکانی پەیمانی کۆن، جولەکەکان چاوەڕێی ئەو کەسەیان دەکرد کە وەکو ڕزگارکەر دێت و لە هەمان کاتدا کاری پاشا و پێغەمبەر و کاهینیش دەکات، بەڵام کە هات باوەڕیان پێی نەکرد، چونکە وایان دەزانی لە ژێر چنگی ڕۆمانییەکان ڕزگاریان دەکات، نەیانزانی هاتووە لە کۆیلایەتی گوناه ڕزگاریان بکات. (مەتا ١٦‏:١٦‏)
مەلکیسادق‏: لە پەیمانی کۆن باسی کراوە، پاشای شاری شالیم بوو. مانای ناوەکەی پاشای ڕاستودروستییە. مەلکیسادق سەرۆک کاهینی خودا بوو، کاهینێتییەکەی هەمیشەیی بوو، سەرەتا و کۆتایی بۆ نەبوو. ئەمەش هێمایە بۆ مەسیح. (عیبرانییەکان ٧‏:١‏-٨؛ عیبرانییەکان ٥‏:٦‏)
مەن‏: وشەیەکی عیبرییە، بە واتای ئەمە چییە یان بەخشین دێت. مەن بە شێوەی شەونم لە ئاسمانەوە بۆ جولەکەکان دەهاتە خوارەوە، لە بیابانی سینا. خودا ڕۆژانە دەیدانێ و نەیاندەتوانی پاشماوەکەی بۆ ڕۆژی پاشتر هەڵبگرن، چونکە بۆگەن دەبوو. (یۆحەنا ٦‏:٣١‏)
موڕ‏: ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێ. هەندێک جار لەگەڵ مەی تێکەڵ دەکرا بۆ کەمکردنەوەی ئازار. وەک دیارییەک پێشکەشی پاشایان دەکرا. موڕ پێشکەشی عیسای مەسیح کرا، هەروەها پاش مردنی لەشی پێ چەورکرا وەک نەریتێکی جولەکە لە مردوو ناشتن. (مەتا ٢‏:١١‏)
ناوچەی جەلیل‏: لەو سەردەمەدا زەوی فەلەستین کرابوو بە سێ ناوچە، لە سەرەوە جەلیل، لە ناوەڕاست سامیرە، لە خوارەوە یەهودیا. (مەتا ٢‏:٢٢‏) نشینگە‏:
نەزر‏: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە.
نووسراو‏: مەبەست لە پەڕتووکەکانی پەیمانی کۆنە لە کتێبی پیرۆز. (یۆحەنا ٢‏:٢٢‏)
نوێژ‏: گفتوگۆی نێوان باوەڕدار و خودایە. کاتێک باوەڕدار نوێژ دەکات سوپاس و ستایشی خودا دەکات، داواکارییەکانی دەخاتە بەر دەستی خودا، خوداش گوێی لێ دەگرێت. لە هەمان کاتدا وتەکانی کتێبی پیرۆز کە وتەی خودایە بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز دەکەوێتەوە بیری، بەم شێوەیەش گوێ لە خودا دەگرێ. زۆر جاریش لە کاتی نوێژکردن خودا خواستی خۆی بۆ باوەڕدار ئاشکرا دەکات، بڕوانە وشەی ئاشکراکردن. (یەکەم تیمۆساوس ٢‏:١‏)
نیعمەت‏: لە وشەی (خارس)ی یۆنانی وەرگێڕدراوە، بە واتای هەموو ئەو شتە چاکانەیە کە بێ ئەوەی مرۆڤ شایانی بێت خودا بەخۆڕایی دەیداتێ، وەک: بێتاوان بوون، پیرۆزکردن، پارێزگاری، لە سەرووی هەموویانەوە ئەو بەزەیی و خۆشەویستییەی کە بۆ مرۆڤ هەیەتی، ئەمەش لە پلانی ڕزگارکردنی مرۆڤ لە مردن دەردەکەوێت بە قوربانیدانەکەی مەسیح، لە کاتێکدا هەمووان شایانی دۆزەخ بوون. (یۆحەنا ١‏:١٤‏-١٧؛ ئەفەسۆس ٢‏:٨‏-٩‏)
نێردراو‏: نازناوێکە بۆ ئەو کەسەی مەسیح دەینێرێت مژدە بداتە خەڵکی، ئەم نازناوە بە دوازدە قوتابییەکە و بە پۆڵس بەخشراوە. هەروەها بەو کەسەش دەگوترێ کە کڵێسا بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز نیشانی دەکات و دەینێرێتە شوێنێک بۆ ڕاگەیاندنی مژدەی عیسای مەسیح. (کردار ١٣‏:١‏-٣؛ ڕۆما ١‏:١‏)
هەلیلویا‏: وشەیەکی عیبرییە، واتا ستایشی خودا بکەن. ئەم وشەیە بۆ ستایشکردن و شکۆدارکردنی یەزدان بەکاردێت، لە پەیمانی کۆندا لە سەرەتا یان لە کۆتایی زەبوورەکان و گۆرانییەکان دادەنرا و لە جەژن و بۆنە ئایینییەکان دەگوترایەوە. ئێستاش ئەم وشەیە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی باوەڕداران بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنرێ. (ئاشکراکردن ١٩‏:١‏)
هۆسانا‏: ئەم وشەیە لە هوشیعنای عیبرییەوە هاتووە، بە مانای ڕزگارکەر دێت. بۆ دەربڕینی خۆشی و پێشوازیکردن بەکارهاتووە، وەکو ئەو کاتەی خەڵکەکە ئەم وشەیان بەکارهێنا بۆ خۆشحاڵی دەربڕین و بەخێرهێنانی عیسا بۆ شاری ئۆرشەلیم. (مەرقۆس ١١‏:٩‏)
هێرۆدس‏: لە ئینجیلدا سێ کەس بەم ناوە ناوبراون:
١. هێرۆدسی گەورە، لە سەردەمی ئەو عیسا لەدایک بوو. بە ڕەگەز ئادومی بوو، لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە کرابووە پاشا لەسەر فەلەستین. بە دڵڕەقی و فێڵبازی ناوبانگی دەرکردبوو. هەوڵی دا عیسا بە منداڵی بکوژێ، بۆیە فەرمانی دا هەموو منداڵەکانی بێت‌لەحم کە تەمەنیان دوو ساڵ و بچووکتر بوو، بکوژرێن. بڕوانە (مەتا ٢: ١-٢٢‏).
٢. هێرۆدس ئەنتیپاس، کوڕی هێرۆدسی گەورە بوو لە ملتاقە. پاش مردنی باوکی بووە حوکمڕانی ناوچەی جەلیل. بەشدار بوو لەو حوکمەی مردن کە بەسەر عیسادا درا. (لۆقا ٢٣‏:٧‏).
٣. هێرۆدس ئەگریپاسی یەکەم، کوڕەزای هێرۆدسی گەورە بوو، لە ساڵی (٣٧) ز. بووە حوکمڕانی باکووری فەلەستین، پاشان لە ساڵانی (٤١‏:٤٤) ز. بووە پاشای هەموو فەلەستین. یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت. (کردار ١٢‏:١‏-٢٤‏).
وشەکە‏: بە یۆنانی دەبێتە لۆگۆس. مەبەست لە وشەی خودایە کە لە سەرەتاوە لەگەڵ خودا بووە، هەموو شتێکیش بەم وشەیە دروست بووە. ئەم وشەیەش لە عیسای مەسیح بەرجەستە بوو. (یۆحەنا ١‏:١‏)
یارمەتیدەر‏: بە یۆنانی دەبێتە پارەکلێتۆس، زاراوەیەکی دادگاییە بە واتای پارێزەر دێت. مەبەستی مەسیح لە ڕۆحی پیرۆزە. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر بڕوانە ڕۆحی پیرۆز. (یۆحەنا ١٤‏:١٦‏)
یەرمیا‏: لە سەدەی حەوتەمی پ. ز. ژیاوە، خزمەتەکەی لە (٦٢٦) پ. ز. تا کەوتنی ئۆرشەلیم (٥٨٧) پ. ز. بوو. یەکێکە لە پێغەمبەرەکانی خودا لە پەیمانی کۆن. لە کتێبی پیرۆزدا دوو نووسراوی هەیە، پێشبینی زۆری هەیە لەسەر هاتنی مەسیح و پەیمانی نوێ. (مەتا ٢‏:١٧‏)
یەهودیا‏: ناوی بەشێکە لە بەشەکانی فەلەستین لەو سەردەمە، کەوتووەتە خوارووی ڕۆژهەڵاتی شاری یافا. (مەتا ٢‏:١‏)
یونس‏: لە عیبری یۆناه‏ بە واتای کۆتر‏. لە عەرەبی یونان‏. خودا فەرمانی بەو پێغەمبەرە دا بەرەو نەینەوا بچێت، بەڵام یونس ویستی سەرپێچی خودا بکات، بۆیە بەڕێی دەریادا بەرەو تەرشیش دەرچوو کە دەکەوێتە ئیسپانیاوە، لە ڕێگادا کەشتییەکەیان تووشی ڕەشەبا هات، پاش ئەوەی کەشتیوانەکان زانییان خودا بەهۆی یونسەوە ڕەشەبای ناردووەتە سەریان، یونس فڕێدەدەنە ناو دەریاوە، بە فەرمانی خودا ماسییەکی گەورە یونس قووت دەدات، بۆ ماوەی سێ شەو و سێ ڕۆژ، پاشان یونس تۆبە دەکات، خوداش دەیگەڕێنێتەوە سەر وشکانی. لە پەیمانی کۆندا نووسراوێک هەیە بەناوی یونس. (مەتا ١٢‏:٣٩‏)