١ کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا،
تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی* پێدرابوو.
٢ کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە،
دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد.
٣ لە دووکەڵەکەوە کوللە بارییە سەر زەوی و توانا و دەسەڵاتێکی وەک توانا و دەسەڵاتی دووپشکی زەوییان پێدرابوو.
٤ کوللەکان فەرمانی ئەوەیان پێدرابوو کە زیان بە گیای زەوی و هیچ سەوزایی و هیچ درەختێک نەگەیەنن،
تەنها زیان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە مۆری خودایان بە نێوچەوانەوە نییە.
٥ ڕێیان پێنەدرابوو ئەو خەڵکانە بکوژن،
بەڵکو پێنج مانگ ئازاریان بدەن.
ئازارەکەی وەک ئازاری دووپشکە کاتێک بە مرۆڤەوە دەدات.
٦ لەو ڕۆژانەدا خەڵک بەدوای مردندا دەگەڕێن بەڵام نایدۆزنەوە،
حەز لە مردن دەکەن بەڵام مردن لێیان ڕادەکات.
٧ شێوەی کوللەکان وەک ئەو ئەسپانە بوون کە بۆ شەڕ ئامادە دەکرێن،
لەسەر سەریان شتێک لە شێوەی تاجێکی زێڕین هەبوو و ڕوخساریان وەک مرۆڤ بوو.
٨ قژیان لە شێوەی قژی ئافرەت بوو و ددانەکانیشیان وەک ددانی شێر.
٩ زرێیان هەبوو وەک زرێی ئاسنین،
دەنگی باڵەکانیان وەک دەنگی ئەو گالیسکانە بوو کە ئەسپێکی زۆری پێوەیە و تاودەدرێن بەرەو جەنگ.
١٠ چەند کلکێکی چزووداری وەک دووپشکیان هەبوو،
پێنج مانگ توانا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدرابوو کە بە کلکەکانیان ئازاری خەڵک بدەن.
١١ فریشتە بەدکارەکەی بیری بێ بن پاشا بوو بەسەریانەوە،
بە عیبری ناوی ئەبەدۆنە* و بە یۆنانی ناوی ئەپۆلیۆنە.
١٢ نەهامەتی یەکەم نەماوە،
دوو نەهامەتی دیکە ماون کە دوای ئەمە دێن.
١٣ پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە بەر گوێم،
١٤ کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو:
«چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.»
١٥ چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە،
ئازاد کران،
تاکو سێیەکی ئادەمیزاد بکوژن.
١٦ گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو هێندەی دە هەزار جار دە هەزار بوو.
١٧ ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون:
زرێی ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو،
سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو.
١٨ بەو سێ بەڵایە سێیەکی ئادەمیزاد کوژران،
بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو.
١٩ هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیاندا بوو،
چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا.