حەزرەتی یەحیا
١ هەر لەو ڕۆژانەدا،
یەحیای لەئاوهەڵکێش* لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند،
٢ دەیگوت:
«تۆبە بکەن،
چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
٣ یەحیا ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:
﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾*
٤ جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو،
پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست،
خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو.
٥ ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای،
٦ دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.
٧ کە بینی زۆر لە فەریسی* و سەدوقییەکان* بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی* دێن،
پێی گوتن:
«ئەی بێچووە ماران،
کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
٨ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە.
٩ پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن:
”ئیبراهیم باوکمانە.“
پێتان دەڵێم،
خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات.
١٠ ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار،
هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات،
دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
١١ «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم،
بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت،
لە من بەتواناترە،
شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم.
ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت*.
١٢ شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی*،
گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش* بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
١٣ ئینجا عیسا لە ناوچەی جەلیلەوە هاتە سەر ڕووباری ئوردون،
تاوەکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت.
١٤ بەڵام یەحیا دەیویست ڕێی لێ بگرێت و دەیگوت:
«من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم،
کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
١٥ عیساش وەڵامی دایەوە:
«لە ئێستادا ڕێگا بدە بەم جۆرە بێت،
چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕاستودروستییەک* بێتە دی.»
ئینجا ڕێی دا.
١٦ هەرکە عیسا لە ئاو هەڵکێشرا،
لە ئاوەکە هاتە دەرەوە.
لەو ساتەدا ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی خودای بینی وەک کۆترێک هاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە.
١٧ دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی:
«ئەمە کوڕی خۆشەویستمە،
ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»