١ ئەریحاش بەهۆی نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی داخرابوو،
نە کەس دەچووە دەرەوە و نە کەسیش دەهاتە ژوورەوە.
٢ جا یەزدان بە یەشوعی فەرموو:
«بڕوانە من ئەریحا و پاشاکەی و پاڵەوانە شەڕکەرەکانی ئەوم داوەتە دەست تۆ.
٣ ئێوەش هەموو جەنگاوەرەکان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ،
ڕۆژی جارێک بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە.
٤ حەوت کاهین حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەبەردەم سندوقەکەدا هەڵدەگرن و لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە و کاهینەکان کەڕەناکان لێدەدەن.
٥ کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەناکان دەبێت،
لەگەڵ درێژبوونەوەی فووکردن بە قۆچە بەرانەکاندا،
هەموو گەل بە یەک دەنگ هاوارێکی بەرز دەکەن؛
ئیتر شوورای شارەکە دەڕمێت و هەموو گەل هەریەکە و لەلای خۆیەوە بەسەریدا دەدەن.»
٦ جا یەشوعی کوڕی نون کاهینەکانی بانگکرد و پێی گوتن:
«سندوقی پەیمان هەڵبگرن و با حەوت کاهینیش حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەپێش سندوقی یەزدان هەڵبگرن.»
٧ ئینجا بە گەلی گوت:
«پێش بکەون و بە چواردەوری شارەکەدا بسووڕێنەوە،
با ئەوەی چەک بە دەستە لەپێش سندوقی یەزدانەوە بڕوات.»
٨ هەروەک چۆن یەشوع فەرمانی بە گەل کرد،
حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەنا قۆچە بەرانەکان،
لەبەردەم یەزدانەوە بە کەڕەنا لێدانەوە بەرەو پێش چوون و سندوقی پەیمانیش لە دوایانەوە دەڕۆیشت.
٩ هەموو چەک بەدەستەکانیش لەپێش کاهینە کەڕەنا لێدەرەکان دەڕۆیشتن،
لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقەکەوە دەڕۆیشتن.
بەردەوام کەڕەنا دەنگی دەهات.
١٠ بەڵام یەشوع فەرمانی بە گەل کردبوو و پێی گوتبوون:
«هاوار مەکەن و دەنگتان نەبیسترێت و یەک وشە لە دەمتان نەیەتە دەرەوە،
هەتا ئەو ڕۆژەی پێتان دەڵێم هاوار بکەن،
جا هاوار دەکەن!»
١١ لەبەر ئەمە سندوقی یەزدان یەک جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕایەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە و لە ئۆردوگاکە مانەوە.
١٢ بەیانی زوو یەشوع لە خەو هەستا و کاهینەکانیش سندوقی یەزدانیان هەڵگرت و
١٣ حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەناکەش لەپێش سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن و کەڕەنایان لێدەدا و چەک بەدەستەکانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشتن و لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن،
کاتێک کەڕەنا دەنگی دەهات.
١٤ ئینجا لە ڕۆژی دووەم یەک جار بەدەوری شارەکەدا سووڕانەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە.
شەش ڕۆژ ئاوایان کرد.
١٥ ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم بەرەبەیان زوو لە خەو هەستان و حەوت جار بەو شێوەیە بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە.
تەنها لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە،
١٦ ئەوە بوو لە جاری حەوتەم کاتێک کاهینەکان کەڕەناکانیان لێدا،
یەشوع بە گەلی گوت:
«هاوار بکەن!
چونکە یەزدان شارەکەی داوەتە دەست ئێوە!
١٧ دەبێت شارەکە و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدان تەرخان بکرێت تاکو قڕ بکرێت*،
تەنها ڕاحابی لەشفرۆش و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکە لەگەڵین دەیانهێڵنەوە،
چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە،
کە ناردمانن.
١٨ بەڵام ئێوە خۆتان بە دوور بگرن لە شتە تەرخانکراوەکان نەوەک قڕ بکرێن و ئۆردوگای ئیسرائیل تووشی قڕبوون و تێکدان بکەن.
١٩ هەموو ئەو زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنانە بۆ یەزدان تەرخانکراون و دەچنە ناو گەنجینەی یەزدانەوە.»
٢٠ کاتێک گەل هاواری کرد و کەڕەنایان لێدا،
گەل گوێیان لە دەنگی کەڕەنا بوو،
هاوارێکی بەرزیان کرد و شووراکە داڕما و گەل چوونە ناو شارەکەوە،
هەریەکە و لەلای خۆیەوە و بەسەریاندا دا و شارەکەیان گرت.
٢١ شارەکەیان بۆ یەزدان تەرخان کرد و هەرچی تێیدابوو لە پیاو و ژن و منداڵ و پیر،
هەتا گا و مەڕ و گوێدرێژەکانیشیان بە زەبری شمشێر قڕ کرد.
٢٢ یەشوعیش بەو دوو پیاوەی گوت کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو:
«بچنە ناو ماڵی ژنە لەشفرۆشەکەوە،
هەروەک سوێندتان بۆی خوارد،
خۆی و هەموو ئەوەی هی ئەوە بیانهێننە دەرەوە.»
٢٣ جا دوو گەنجە سیخوڕەکە چوونە ژوورەوە و ڕاحاب و دایک و باوک و براکانی و هەرچی هەیبوو و هەموو کەسوکارەکەیان هێنایە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگای ئیسرائیل دایاننان.
٢٤ شارەکەشیان سووتاند و لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی تێیدا بوو،
بەڵام زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنەکانیان خستە ناو گەنجینەی ماڵی یەزدانەوە.
٢٥ بەڵام یەشوع ڕاحابی لەشفرۆش و ماڵی باوکی و هەرچی هەیبوو بە زیندووێتی هێشتنییەوە،
ئەویش هەتا ئەمڕۆش لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێیە،
چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە کە یەشوع بۆ سیخوڕی ئەریحا ناردبوونی.
٢٦ لەو کاتەدا یەشوع سوێندی خوارد و گوتی:
«لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی هەڵدەستێت و ئەم شاری ئەریحایە بنیاد دەنێتەوە:
«بە مەرگی کوڕە نۆبەرەکەی
بناغەکانی دادەنێت و
بە مەرگی بچووکەکەی
دەرگاکانی دادەمەزرێنێت.»
٢٧ یەزدانیش لەگەڵ یەشوع بوو و ناوبانگی بە هەموو خاکەکەدا بڵاو بووەوە.