دووەم نامەی یۆحەنا
١ لە پیرەکەوە*،
 
بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن،
نەک تەنها من،
بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن،
٢ لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:
 
٣ با نیعمەت* و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە لەگەڵ بێت،
بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە.
ڕاستی و خۆشەویستی
٤ زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن،
وەک باوک ڕایسپاردین.
٥ ئێستاش ئەی خانم،
ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم،
بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە:
داوات لێ دەکەم کە یەکتریمان خۆشبوێ.
٦ خۆشەویستی ئەمەیە:
بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین.
هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە،
ڕاسپاردەکە ئەوەیە کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.
ئاگاداری گومڕاییکاران بن
٧ چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە.
ئەو جۆرە کەسانە چەواشەکار و دژە مەسیحن.
٨ ئاگاداری خۆتان بن،
نەوەک ئەوە لەدەست بدەن کە کارمان بۆ کردووە،
بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن.
٩ هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت،
بێبەرییە لە خودا.
ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت،
هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە.
١٠ هەرکەسێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا،
لە ماڵەکەتان پێشوازی لێ مەکەن و سڵاوی لێ مەکەن،
١١ چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات،
لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.
کۆتایی
١٢ زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم،
بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت،
بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین،
تاکو تەواو دڵخۆش بین.
 
١٣ منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت* سڵاوت لێدەکەن.