ئاشکراکردنی عیسای مەسیح
کورتە باسێک
سیپارەی ئاشکراکردنی عیسای مەسیح بۆ یۆحەنای نێردراو لە نزیکەی ساڵی (٩٥ ز.) نووسراوە. لەو کاتەدا باوەڕداران تووشی شەپۆلێکی چەوساندنەوە هاتوون، کەوا لەوانەیە لەژێر دەسەڵاتی دۆمیشیانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی (٨١–٩٦ ز.) بووبێت. دەسەڵاتی ڕۆمانی خەڵکیان ناچار دەکرد ئیمپراتۆر بپەرستن. ئەوە ببووە کێشە بۆ باوەڕداران، چونکە ئەوان تەنها مەسیحیان بە باڵادەست دەزانی نەک قەیسەر ‏(٢‏:١٠‏،١٣؛ ٣‏:١٠‏)‏. هەندێک کەس لەنێو باوەڕداراندا دەیانویست سازش لەسەر پەرستنی خودا بکەن. یۆحەنا وەک هاوبەشێک لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن ‏(١‏:٩‏)‏، ئەم نامەیە دەنووسێت تاوەکو باوەڕداران ئەو فێرکردنە وەرنەگرن و لە کاتە سەخت و ناخۆشەکانیشدا هەر چەسپاو بن «ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.» ‏(١٢‏:١١‏)‏.
شێوازی نووسینی نامەکە لەسەر ڕێبازێکی تایبەتی ئەدەبیاتی جولەکەیە. زۆر هێما بەکاردەهێنێت و هەندێک جاریش لەناو دەقەکەدا هەندێک هێمای تایبەت ڕوون دەکاتەوە ‏(١‏:٢٠‏)‏. یۆحەنا لەم سیپارەیەدا زیاتر لە ٥٠ جار ژمارە حەوتی بەکارهێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ تەواوەتی.
دەکرێ ئەم نامەیە بۆ چەند بەشێک دابەش بکەین:
١. مەسیح لەنێوان حەوت کڵێساکاندا شکۆدارە ‏(١‏:٧‏-٢٠‏)‏.
٢. حەوت نامە بۆ حەوت کڵێساکە ‏(٢‏:١‏–٣‏:٢٢‏)‏.
٣. تەخت و تۆمار و بەرخەکە ‏(٤‏:١‏–٥‏:١٤‏)‏.
٤. حەوت مۆر ‏(٦‏:١‏–٨‏:١‏)‏.
٥. حەوت کەڕەنا ‏(٨‏:٢‏–١١‏:١٩‏)‏.
٦. ژن و ئەژدیها و دوو دڕندە و بەرخەکە و سێ فریشتە ‏(١٢‏:١‏–١٤‏:٢٠‏)‏.
٧. حەوت جامی تووڕەیی خودا ‏(١٥‏:١‏–١٦‏:٢١‏)‏.
٨. بابلی لەشفرۆشی گەورە ‏(١٧‏:١‏–١٩‏:٥‏)‏.
٩. ستایش و گەڕانەوەی مەسیح ‏(١٩‏:٦‏-٢١‏)‏.
١٠. هەزار ساڵ و کۆتایی شەیتان ‏(٢٠‏:١‏-١٥‏)‏.
١١. ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ و ئۆرشەلیمی نوێ ‏(٢١‏:١‏-٢٢‏)‏.