بە جیاوازی هەڵسوکەوت مەکەن
١ ئەی خوشکان و برایانم،
ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان،
نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین.
٢ ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان،
ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو،
هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس،
٣ تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان:
«لێرە دانیشە باشە،»
بە هەژارەکەش بڵێن:
«لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،»
٤ ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟
٥ خوشک و برا خۆشەویستەکانم،
گوێ بگرن:
ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە تاکو لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن،
کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟
٦ بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد.
ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟
٧ ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟
٨ ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ:
﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،
* چاک دەکەن.
٩ بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن،
ئەوا گوناە دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن،
١٠ چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت بەجێبهێنێت،
بەڵام تەنها بەندێکی بشکێنێت،
ئەوا لە هەمووی تاوانبارە.
١١ ئەوەی فەرموویەتی:
﴿داوێنپیسی مەکە،
* هەروەها فەرمووشیەتی:
﴿مەکوژە.
* ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت،
ئەوا سەرپێچی شەریعەتت کردووە.
١٢ ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن،
وەک ئەوەی بە شەریعەتی ئازادی حوکم بدرێن،
١٣ چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە،
بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت.
باوەڕ و کردار
١٤ خوشکان و برایانم،
چ سوودێکی هەیە ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە،
بەڵام کرداری نەبێت؟
ئایا ئەم جۆرە باوەڕە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟
١٥ ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو،
١٦ یەکێکتان پێتان گوتن:
«بەخێر بچن،
جلی گەرم لەبەر بکەن،
تێر بخۆن،»
و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ،
چ سوودێکی هەیە؟
١٧ بەم شێوەیەش،
باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت،
لە خۆیدا مردووە.
١٨ لەوانەیە کەسێک بڵێ:
«تۆ باوەڕت هەیە و من ‏کردار.»
نیشانم بدە باوەڕت چۆن بێ کردار دەبێت،
ئەوسا منیش بە کردارەکانم نیشانت دەدەم باوەڕم چۆنە‏.
١٩ تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە،
چاک دەکەیت.
تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن.
٢٠ ئەی مرۆڤی گێل،
دەتەوێت بزانیت کە باوەڕ بێ کردار نەزۆکە؟
٢١ ئایا ئیبراهیمی باوکمان بە کردار بێتاوان نەکرا،
کاتێک لەسەر قوربانگا ئیسحاقی کوڕی پێشکەش کرد؟
٢٢ دەبینیت باوەڕ بە کردارەکەی لە کاردا بوو،
باوەڕەکەش بە کردار تەواو بوو.
٢٣ نووسراوە پیرۆزەکەش هاتە دی کە دەفەرموێ:
﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا،
* هەروەها ناوی لێنرا دۆستی خودا.
٢٤ دەبینن کە مرۆڤ بە کردار بێتاوان دەبێت نەک تەنها بە باوەڕ.
٢٥ بەم شێوەیە ڕاحابی لەشفرۆش،
ئایا بە کردار بێتاوان نەبوو،
کە پێشوازی لە سیخوڕەکان* کرد و بە ڕێگایەکی دیکەدا بەڕێی کردن؟*
٢٦ هەروەک چۆن جەستە بێ ڕۆح مردووە،
باوەڕیش بێ کردار مردووە.