گەورەی ڕۆژی شەممە
١ لەو کاتەدا،
لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی،
قوتابییەکانی برسییان بوو،
دەستیان کرد بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی.
٢ کە فەریسییەکان بینییان،
پێیان گوت:
«بڕوانە،
ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.»
٣ ئەویش پێی فەرموون:
«ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد*،
کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟
٤ چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی* خوارد،
کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن،
تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟
٥ یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟
٦ پێتان دەڵێم،
کەسێک لێرەیە کە لە پەرستگا مەزنترە.
٧ بەڵام ئەگەر لە واتای ئەمە تێبگەیشتنایە:
﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،
﴾* ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد،
٨ چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
چاککردنەوەی نەخۆش لە ڕۆژی شەممە
٩ ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و چووە کەنیشتەکەیان،
١٠ لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستێکی وشک ببوو.
بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن،
لێیان پرسی:
«ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوەی نەخۆش دروستە؟»
١١ پێی فەرموون:
«کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە ناو چاڵێکەوە،
نایگرێت و دەریناهێنێت؟
١٢ مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە!
کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.»
١٣ ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو:
«دەستت درێژ بکە.»
ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە،
وەکو ئەوەی دیکە.
١٤ بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە،
تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.
بەندەی هەڵبژێردراوی خودا
١٥ عیساش کە بەمەی زانی لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن،
ئەویش هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە.
١٦ ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن،
١٧ تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت:
١٨ ﴿ئەوەتا خزمەتکارەکەم،
ئەوەی هەڵمبژاردووە،
ئەو خۆشەویستەم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات.
١٩ شەڕ ناکات و هاوار ناکات،
کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت.
٢٠ قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە،
هەتا دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.
٢١ نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.﴾*
عیسا و شای ڕۆحە پیسەکان
٢٢ ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو،
نابینا و لاڵ بوو،
ئەویش چاکیکردەوە بە جۆرێک کە توانی قسە بکات و ببینێت.
٢٣ خەڵکەکە هەموو سەرسام بوون و گوتیان:
«ئەمە کوڕی داود نییە؟»
٢٤ بەڵام فەریسییەکان کە ئەمەیان بیست،
گوتیان:
«ئەمە ڕۆحی پیس دەرناکات،
مەگەر بە بەعلزەبولی* شای ڕۆحە پیسەکان نەبێت.»
٢٥ بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی،
پێی فەرموون:
«هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت،
وێران دەبێت،
هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت،
خۆی ڕاناگرێت.
٢٦ ئەگەر شەیتان،
شەیتان دەربکات،
ئەوا دووبەرەکییان تێدایە،
کەواتە چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟
٢٧ ئەگەر من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەربکەم،
ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟
لەبەر ئەوە ئەوان دەبنە دادوەرتان.
٢٨ بەڵام ئەگەر من بە ڕۆحی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم،
ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
٢٩ «یان چۆن کەسێک دەتوانێ بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز و شتەکانی تاڵان بکات،
ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە،
ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات؟
٣٠ «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە،
ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە،
بڵاو دەکاتەوە.
٣١ لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم:
هەموو گوناە و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت،
بەڵام کفرکردن سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز نابەخشرێت.
٣٢ ئەوەی قسە لە دژی کوڕی مرۆڤ بکات،
دەبەخشرێت،
بەڵام ئەوەی قسە لە دژی ڕۆحی پیرۆز بکات،
نابەخشرێت،
نە لەم دنیا و نە لەو دنیا.
دار بە بەرهەمی دەناسرێت
٣٣ «دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە.
ئەگەر دار باش بێت،
بەرهەمی باش دەدات،
ئەگەر دار خراپ بێت،
بەرهەمی خراپ دەدات.
٣٤ ئەی بێچووە ماران،
کە ئێوە خراپ بن،
چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟
دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت.
٣٥ مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاکی ناخیدا،
شتی چاک دەردەهێنێت،
مرۆڤی خراپیش لە گەنجینەی خراپی ناخیدا،
شتی خراپ دەردەهێنێت.
٣٦ بەڵام پێتان دەڵێم:
هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ،
لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە،
٣٧ چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت،
بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»
نیشانەی یونسی پێغەمبەر
٣٨ ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان:
«مامۆستا،
دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.»
٣٩ کەچی وەڵامی دانەوە:
«نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس* داوای نیشانە دەکات،
بەڵام نیشانەی نادرێتێ،
جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر.
٤٠ هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو،
ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە.
٤١ خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا،
لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن،
چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند.
ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.
٤٢ شاژنی باشوور* لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات،
چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان.
ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.
گەڕانەوەی ڕۆحی پیس
٤٣ «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت،
لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت.
٤٤ ئینجا دەڵێت:
”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“
کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە.
٤٥ ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت،
دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین.
ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.
بۆ ئەم نەوە بەدکارەش،
ئاوا دەبێت.»
دایک و براکانی عیسا
٤٦ لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد،
دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون،
داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن.
٤٧ کەسێک هات و پێی گوت:
«وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون،
دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.»