پێشبینی میخایو سەبارەت بە ئەحاڤ
١ یەهۆشافات دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو،
لەگەڵ ئەحاڤ ژنوژنخوازی کرد.
٢ دوای چەند ساڵێک چوو بۆ لای ئەحاڤ لە سامیرە.
ئەحاڤیش مەڕ و مانگای زۆری بۆ ئەو و بۆ ئەو خەڵکەش کە لەگەڵیدا بوون سەربڕی و هانی دا پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدات.
٣ ئەحاڤ پاشای ئیسرائیل پرسیاری لە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا کرد:
«لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد؟»
یەهۆشافاتیش وەڵامی دایەوە:
«خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت،
لەگەڵتداین بۆ جەنگ.»
٤ بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت:
«سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.»
٥ ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە،
نزیکەی چوار سەد پیاو بوون،
لێی پرسین:
«ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»
ئەوانیش گوتیان:
«بڕۆ،
یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
٦ بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد:
«هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟»
٧ پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت:
«پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین،
بەڵام من ڕقم لێیەتی،
چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات بەڵکو خراپ،
ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.»
یەهۆشافاتیش گوتی:
«با پاشا ئاوا نەڵێت.»
٨ لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی:
«بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!»
٩ لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو و هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو لەسەر جۆخینەکەی* لای دەروازەی سامیرە،
هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد.
١٠ سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو،
گوتی:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“»
١١ هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان:
«پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت،
یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
١٢ ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی:
«ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە،
تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.»
١٣ بەڵام میخایو گوتی:
«بە یەزدانی زیندوو،
ئەوەی خودا پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.»
١٤ کاتێک هاتە لای پاشا،
پاشا لێی پرسی:
«میخایو،
بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»
ئەویش پێی گوت:
«هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن،
دەدرێتە دەستتان.»
١٥ پاشاش پێی گوت:
«چەند جار من سوێندم داویت،
کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟»
١٦ ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە:
«هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون،
یەزدانیش فەرمووی:
”ئەوانە خاوەنیان نییە،
با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“»
١٧ پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت:
«پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات،
بەڵکو خراپ؟»
١٨ میخایو گوتی:
«لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە،
یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو،
هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون.
١٩ یەزدان فەرمووی:
”کێ ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“
«یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە.
٢٠ ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی:
”من فریوی دەدەم.“
«یەزدانیش لێی پرسی:
”بە چی؟“
٢١ «ئەویش گوتی:
”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“
«یەزدانیش پێی فەرموو:
”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت،
بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“
٢٢ «ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی خستووەتە ناو دەمی پێغەمبەرەکانتەوە.
یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.»
٢٣ ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی:
«لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟»
٢٤ میخایو وەڵامی دایەوە:
«دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.»
٢٥ ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا:
«میخایو ببەن و بیگەڕێننەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا،
٢٦ پێیان بڵێن:
”ئەمە فەرمانی پاشایە:
ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن،
هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“»
٢٧ میخایو گوتی:
«ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە،
یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!»
ئینجا گوتی:
«ئەی هەموو گەل،
گوێ بگرن!»
کوشتنی ئەحاڤ لە ڕامۆتی گلعاد
٢٨ ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد.
٢٩ پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت:
«من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە،
بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.»
ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە.
٣٠ پاشای ئارام فەرمانی بە فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی:
«شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن،
جگە لە پاشای ئیسرائیل.»
٣١ کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی،
گوتیان:
«ئەوە پاشای ئیسرائیلە.»
گەڕانەوە بۆ ئەوەی شەڕی لەگەڵ بکەن،
بەڵام یەهۆشافات هاواری کرد و یەزدانیش یارمەتی دا و ئەوانی لێ دوورخستەوە.
٣٢ کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو،
وازیان لە ڕاونانی هێنا.
٣٣ پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و پاشای ئیسرائیلی لە درزی نێو بەشەکانی زرێیەکەیەوە پێکا،
ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت:
«دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە،
چونکە بریندار بووم.»
٣٤ لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو،
هەتا ئێوارە پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا،
کاتی خۆر ئاوابوون مرد.