١ کاتێک یەهۆشافاتی پاشای یەهودا بە سەلامەتی گەڕایەوە کۆشکەکەی لە ئۆرشەلیم،
٢ یێهوی کوڕی حەنانی،
ئەوەی پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند،
چووە لای و بە یەهۆشافات پاشای گوت:
«ئایا دەبوو یارمەتی خراپەکار بدەیت و ئەوانەت خۆشبوێت کە ڕقیان لە یەزدانە؟
لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانت لەسەرە.
٣ بەڵام هەندێک کاری چاکت لێ بەدی کراوە،
چونکە ستوونە ئەشێراکانت لە خاکەکەدا داماڵی و خۆتت تەرخان کردووە بۆ ڕوو لە خودا کردن.»
دانانی دادوەر لە شارە قەڵابەندەکان
٤ یەهۆشافات لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو،
دیسان لە ئۆرشەلیم هاتە دەرەوە و بەناو گەلدا گەڕا،
لە بیری شابەعەوە هەتا ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و ئەوانی بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان گەڕاندەوە.
٥ هەروەها دادوەری لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا دانا و
٦ بە دادوەرەکانی گوت:
«ئاگاداربن ئێوە چی دەکەن،
چونکە ئێوە دادوەری بۆ مرۆڤ ناکەن،
بەڵکو بۆ یەزدان،
ئەویش لە بڕیارداندا لەگەڵتان دەبێت.
٧ ئێستاش با ترسی یەزدانتان لە دڵدا بێت و ئاگاداربن و کار بکەن،
چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارمان ناڕەوایی و لایەنگری و بەرتیل خواردن نییە.»
٨ هەروەها یەهۆشافات لە لێڤی و کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل چەند کەسێکی لە ئۆرشەلیم دانا بۆ دادوەریکردن بەگوێرەی فێرکردنی یەزدان و بۆ ناوبژیکردنی ناکۆکییەکان،
ئەوانیش لە ئۆرشەلیم دانیشتن.
٩ فەرمانی پێ کردن و گوتی:
«بە لەخواترسی و دڵسۆزی و بە هەموو دڵەوە کار بکەن.
١٠ هەر داوایەک کە برایانی دانیشتووی شارەکانتان دەیهێننە لاتان،
پەیوەست بێت بە خوێنڕشتن یان بە فێرکردنەکان سەبارەت بە فەرمان و حوکمەکان،
ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە لە دژی یەزدان تاوان نەکەن،
نەوەک تووڕەیی یەزدان بێتە سەر خۆتان و گەلەکەتان.
ئەگەر بەم شێوەیە بکەن،
تاوان ناکەن.
١١ «ئەمەریای سەرۆک کاهین لە هەموو کاروبارەکانی یەزدان سەرپەرشتیتان دەکات،
زەڤەدیای کوڕی ئیسماعیلیش کە سەرۆکی هۆزی یەهودایە،
لە هەموو کاروبارەکانی پاشا سەرپەرشتیتان دەکات و لێڤییەکانیش وەکو کاربەدەست یارمەتیدەرتان دەبن.
ئازابن و دەستبەکار بن،
با یەزدانیش لەگەڵ چاکەکاران بێت.»