پاشایەتی یەهۆشافات
١ یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا و خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل بەهێز کرد.
٢ لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا لەشکری دانا،
لەناو خاکی یەهودا و لەو شارۆچکانەی خاکی ئەفرایمیش کە ئاسای باوکی گرتبووی سەربازگەی تێدا دامەزراندن.
٣ یەزدانیش لەگەڵ یەهۆشافات بوو،
چونکە ڕێچکەی داودی باپیرە گەورەی گرتەبەر و ڕووی لە بتی بەعل نەکرد،
٤ بەڵکو ڕووی لە خودای باوکی کرد و فەرمانەکانی ئەوی پەیڕەو کرد،
نەک نەریتەکانی ئیسرائیل.
٥ لەبەر ئەوە یەزدان جڵەوی پاشایەتییەکەی لە دەستیدا سەقامگیر کرد و هەموو یەهودا دیارییان پێشکەش بە یەهۆشافات کرد و دەوڵەمەندی و ڕێزی زۆری هەبوو.
٦ بە هەموو دڵەوە ڕێگای یەزدانی پەیڕەو کرد و هەروەها نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و ستوونە ئەشێراکانی لە یەهودا تێکدا.
٧ یەهۆشافات لە سێیەم ساڵی پاشایەتییەکەی بەن‌حەیل،
عۆبەدیا،
زەکەریا،
نەتەنێل و میخایوی کاربەدەستەکانی خۆی ناردە شارۆچکەکانی یەهودا بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان فێربکەن.
٨ ژمارەیەک لێڤییان لەگەڵ بوون،
شەمەعیا،
نەتەنیاهۆ،
زەڤەدیا،
عەساهێل،
شەمیرامۆت،
یەهۆناتان،
ئەدۆنیا،
تۆڤییاهو و تۆڤ ئەدۆنیا،
هەروەها ئەلیشاماع و یەهۆرام کە هەردووکیان کاهین بوون.
٩ بەناو هەموو شارەکانی یەهودا دەگەڕان،
پەڕتووکی تەوراتی یەزدانیان پێبوو و خەڵکیان فێردەکرد.
١٠ ترسی یەزدان باڵی بەسەر هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکانی دەوروبەری یەهودا کێشا،
ئیتر لە دژی یەهۆشافات نەجەنگان.
١١ هەندێک لە فەلەستییەکانیش دیاری و زیویان وەک سەرانە بۆ یەهۆشافات هێنا،
هەروەها عەرەبەکانیش مەڕوماڵاتیان بۆ هێنا،
حەوت هەزار و حەوت سەد بەران و حەوت هەزار و حەوت سەد تەگە.
١٢ یەهۆشافات هەتا دەهات مەزن و مەزنتر دەبوو.
لە یەهودا قەڵا و کۆگاکانی بنیاد نا،
١٣ لە شارۆچکەکانی یەهوداش ئازووقەی زۆری هەبوو،
لە ئۆرشەلیم جەنگاوەری پاڵەوان و بەهێز هەبوو.
١٤ ئەمەش سەرژمێرییانە بەپێی بنەماڵەکان:
 
لە یەهودا،
فەرماندەکانی یەکەی هەزاران:
عەدنا فەرماندە بوو و سێ سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو؛
١٥ لەپاش ئەو یەهۆحانان فەرماندە بوو کە دوو سەد و هەشتا یەکەی لەگەڵ بوو؛
١٦ لەپاش ئەویش عەمەسیای کوڕی زکری بوو،
کە خۆی بەخشیبوو بە یەزدان،
دوو سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو.
١٧ لە بنیامین:
پاڵەوانی بەهێز،
ئەلیاداع،
دوو سەد یەکەی چەکداری بە کەوان و قەڵغانەوە لەگەڵدا بوو؛
١٨ لەپاش ئەویش،
یەهۆزاڤاد سەد و هەشتا یەکەی پیاوی پڕچەککراوی بۆ جەنگ لەگەڵ بوو.
 
١٩ ئەمانە خزمەتکارەکانی پاشا بوون،
جگە لەوانەی پاشا لەناو شارە قەڵابەندەکان لە هەموو یەهودا داینان.