یەکەم پوختەی مێژوو
کورتە باسێک
گەڕاندنەوەی گەلی خودا لە ڕاپێچکراوی، سەرهەڵدانی پاشا و نۆژەنکردنەوەی پەرستگا، ئینجا خودا بەرەکەتی خۆی بەسەردا ڕشتن.‏
 
هەردوو پەڕتووکی یەکەم و دووەمی پوختەی مێژوو لە دەقی عیبری بە یەک پەڕتووک دانراوە، بە سروشی ڕۆحی پیرۆز لە سەدەی پێنجەمی بەر لە زایین لەدوای گەڕانەوەی گەلی خودا لە ڕاپێچکاری بابلییەکان نووسراوەتەوە. ئەم پەڕتووکە بە پیشاندانی لیستی ڕەچەڵەک و مێژووی بنەماڵەی داود دەستپێدەکات، هەروەها تۆماری ڕەچەڵەکی لێڤی، ئینجا سەرگوزەشتەی ژیان و مردنی شاول، فەرمانڕەوایەتی داود، لەگەڵ تیشک خستنە سەر کاروباری ئایینی گەل. کۆتایی دێت بە وەرگرتنی تەختی شانشینەکە لەلایەن سلێمان.
لەبەر ئەوەی پەڕتووکی یەکەم پوختەی مێژوو لە ڕوانگەیەکی کاهینەتییەوە نووسراوەتەوە زۆر وردەکاری تێدا هاتووە لە کاروباری ئایینی شانشینی یەهودا کە زۆر جار نووسەر بە ئیسرائیل ناوی دەبات. تیشک دەخاتە سەر گرنگی خواپەرستی و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی گەل. خودا ئەو گەلە بەرەکەتدار دەکات کە پشتی پێ دەبەستن.
ناوهێنانی کەسەکانی ڕەچەڵەک وا دەردەکەوێ کە پەیوەندی بە بابەتەکەوە نەبێت، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە خودا گرنگی بە هەموو تاکێک دەدات و کەس لەبیر ناکات. ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن بەبێ ئەوەی کەس باسیان بکات، خودا ناویان دەهێنێ چ جای ئەو لەخواترسانەی باوەڕیان پێی هەیە.