عەزرا
کورتە باسێک
لە وەڵامدانەوەی خودا بۆ بەجێهێنانی بەڵێنەکانی، دەبێ گەلی خودا بگەڕێنەوە لای خودا، خۆیان چاک بکەن و شەریعەتی خودا پەیڕەو بکەن، یان وردتر بڵێین، بەپێی تەوراتی خودایان بڕۆن.‏ ‏بڕوانە (نەحەمیا ١٠‏:٢٩‏)‏.
 
پەڕتووکی عەزرا نزیکەی (٤٤٠) ساڵ بەر لە زایین بە سروشی ڕۆحی پیرۆز نووسراوەتەوە، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگ تێیدا بابەتی گەڕانەوەی گەلی خودا لە ڕاپێچکراوی باس دەکات. لەدوای ئەوەی نووسەر باسی کاروانی یەکەمی گەڕانەوە و چۆنیەتی دروستکردنی پەرستگا دەکات دێتە سەر باسی ئەو کێشانە کە ڕووبەڕووی گەل بوونەوە، لەگەڵ ئەو تەنگانە و ناخۆشییانەی چێژتیان، بە تایبەتی لە کاروانی یەکەم کە بۆ ماوەیەک تێیدا کارەکان ڕاوەستان. بەڵام کۆڵیان نەدا و بەردەوام بوون لە بنیادنان هەتا تەواوبوونی پەرستگا و تەرخانکردنی بۆ شکۆمەندی خودا. هەروەها ئەم پەڕتووکە بە وردی باسی خزمەتەکانی عەزرا و نزا و پاڕانەوەکانی دەکات لە پێناو ئەو خەڵکەی لەنێو گەلی خودا گوناهیان کرد بەوەی کە لەدوای گەڕانەوەیان لە ڕاپێچکراوی ژنی نەتەوەکانی دیکەیان هێنا.
کاتێک گەلی ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە لەمەدا بەجێهێنانی بەڵێنی خودایان بینی کە خودا بە تەواوی پشتگوێیان ناخات و واز لە خۆشویستنیان ناهێنێ، سەرەڕای ئەو سزایەی بەهۆی گوناهەکانیان بەسەری هێنان. لە قووڵترین نهێنییە خوداییەکان بەردەوام خودا جیهانی خۆشدەوێ و گرنگی پێدەدات، سەرباری یاخیبوونی مرۆڤ لە خودا، خودا داوا لە مرۆڤ دەکات بەردەوام ئەو بپەرستن. کاتێک گەلی خودا کارکردنیان لە پەرستگا ڕاگرت بەهۆی بێهیوابوونیان خودا حەگی و زەکەریای پێغەمبەری نارد بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە تەواوکردنی پەرستگای خودا.