دووەم پوختەی مێژوو
کورتە باسێک
گەڕاندنەوەی گەلی خودا لە ڕاپێچکراوی، سەرهەڵدانی پاشا و نۆژەنکردنەوەی پەرستگا، ئینجا خودا بەرەکەتی خۆی بەسەردا ڕشتن.‏
 
پەڕتووکی دووەم پوختەی مێژوو تەواوکەری باسی شانشینی یەهودایە کە لە یەکەم پوختەی مێژوودا باسکراوە. بە وردەکارییەوە شکۆی سلێمان دەردەخات بە تایبەت کاتێک تیشک دەخاتە سەر گەورەیی پەرستگا و شکۆیەکەی، لەبەر ئەوەی ڕوانگەی کاهینیێتی زاڵە لە نووسینەوەی ئەم پەڕتووکە. بەشەکانی دیکە سەبارەت بە فەرمانڕەوایەتی پاشاکانی دیکەی یەهودایە لەگەڵ تیشک خستنە سەر کاروبارەکانی گەل و لایەنی ئایینی گەل.
ئەم پەڕتووکە لە ڕوانگەیەکی ئایینییەوە باسی مێژووی شانشینی یەهودا دەکات. باسی پاشا خراپ و باشەکانی کردووە بۆ ئەوەی دەربکەوێت کێ هۆکاری گەشەسەندنی گەل بووە و کێ بەرپرسیار بووە لە کەوتنی گەل. پیاوانی ئایینی لەگەڵ پاشاکان لە گوناە تێوەگلان و گوناهەکانی گەلیشیان زیاد کرد کە بووە هۆکاری کەوتن و وێران بوونیان، چونکە خودا ڕێی بە دوژمنەکانیان دا بنەبڕیان بکەن و بۆ چەندین سەردەم ببنە پەند، چونکە خودا ڕێ بە گوناە نادات.