دووەم پوختەی مێژوو
داواکردنی دانایی لەلایەن سلێمانەوە
١ سلێمانی کوڕی داود دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشایەتییەکەیدا بەهێز کرد،
چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو،
زۆر مەزنی کرد.
٢ پاشان سلێمان قسەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیل کرد،
لەگەڵ فەرماندەکانی هەزاران و سەدان،
هەروەها دادوەرەکان و هەموو سەرکردەکان لە هەموو ئیسرائیل کە گەورەی بنەماڵەکان بوون.
٣ ئیتر سلێمان و هەموو کۆمەڵەکە لەگەڵی چوونە سەر ئەو نزرگەیەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆنە،
چونکە چادری چاوپێکەوتنی خودا کە موسای بەندەی یەزدان لە چۆڵەوانیدا دروستی کرد،
لەوێ بوو.
٤ داود لە قیریەت یەعاریمەوە سندوقی خودای هێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئامادەی کردبوو،
لەبەر ئەوە لە ئۆرشەلیم چادرێکی بۆ هەڵدابوو.
٥ بەڵام ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوور دروستی کردبوو،
لە گبعۆن لەبەردەم چادرەکەی پەرستنی یەزدان بوو،
ئیتر سلێمان و کۆمەڵەکە لەوێ پرسیاریان لە یەزدان کرد.
٦ سلێمان لە یەزدان چووە پێشەوە و هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر قوربانگا بڕۆنزییەکە کە لەبەردەم چادری چاوپێکەوتندا بوو.
٧ لەو شەوەدا خودا بۆ سلێمان دەرکەوت و پێی فەرموو:
«داوا بکە،
چیت پێ بدەم؟»
٨ سلێمانیش بە خودای گوت:
«تۆ لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە،
منت لە جێی ئەو کردووەتە پاشا.
٩ ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگار،
با بەڵێنەکەت لەگەڵ داودی باوکمدا بچەسپێت،
چونکە تۆ منت کردووەتە پاشای گەلێکی زۆر کە وەک خۆڵی زەوییە.
١٠ ئێستا دانایی و زانینم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم گەلە بکەم،
چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»
١١ خوداش بە سلێمانی فەرموو:
«لەبەر ئەوەی ئەمە لە دڵتدا بوو و داوای دەوڵەمەندی و سامان و پایەداری و مردنی دوژمنەکانت نەکرد،
هەروەها داوای تەمەن درێژیت نەکرد،
بەڵکو داوای دانایی و زانینت بۆ خۆت کرد،
بۆ ئەوەی دادوەرایەتی گەلەکەم بکەیت،
ئەوەی تۆم کردووەتە پاشای،
١٢ ئەوا دانایی و زانینت پێ دەبەخشم.
سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەدارییەکی وات پێ دەبەخشم کە شتی وا نەبووبێت بۆ پاشاکانی پێش تۆ و بۆ ئەوانەی لەدوای تۆش دێن.»
١٣ پاشان سلێمان لە چادری چاوپێکەوتنەوە کە لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو چوو بۆ ئۆرشەلیم و پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
١٤ سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە،
هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو.
لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.
١٥ پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زێڕ و زیو وەک بەردیان لێ بێت،
دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
١٦ ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە* هاوردە دەکران.
بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن.
١٧ گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل* زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا* هاوردەیان دەکرد،
هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.