پیتاک بەخشین بۆ بنیادنانی پەرستگا
١ پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت:
«سلێمانی کوڕم،
ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە،
گەنجێکی پێنەگەیشتووە.
کارەکەش گەورەیە،
چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە،
بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە.
٢ منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە،
زێڕ بۆ زێڕنگەری،
زیو بۆ زیوگەری،
بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری،
ئاسن بۆ ئاسنگەری،
تەختە بۆ دارتاشی،
بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە* و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ،
هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی.
٣ لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە،
لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم،
ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم:
٤ سێ هەزار تالنت* زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت* زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و
٥ هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت،
هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش.
ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»
٦ ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان،
لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی.
٧ بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت* زێڕ و دە هەزار درهەمی* زێڕ،
دە هەزار تالنت* زیو،
هەژدە هەزار تالنت* بڕۆنز و سەد هەزار تالنت* ئاسنیان بەخشی.
٨ ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو.
٩ گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون،
چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی،
داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.
نوێژی داود
١٠ داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی:
«ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان،
خودای ئیسرائیل،
باوکمانی
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
١١ ئەی یەزدان،
بۆ تۆیە گەورەیی و توانا،
مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ،
چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە.
ئەی یەزدان،
پاشایەتی هی تۆیە و
تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.
١٢ دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن،
تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت.
هێز و توانا لە دەستی تۆدان
تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.
١٣ ئێستاش ئەی خودای ئێمە،
سوپاست دەکەین و
ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین.
١٤ «بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟
هەموو شتێک لە تۆوە دێت،
لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە.
١٥ ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین*.
ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە.
١٦ ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین،
هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە.
١٧ خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت.
من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە.
ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت.
١٨ ئەی یەزدان،
خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان،
ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە.
١٩ هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت،
هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»
٢٠ پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت:
«تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.»
ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.
دانپێدانانی پاشایەتی سلێمان
٢١ پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست،
هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل.
٢٢ جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە.
پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا،
سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە.
٢٣ ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت،
لە جێی داودی باوکی.
سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون.
٢٤ هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.
٢٥ یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد،
شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.
مردنی داود
٢٦ داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد،
٢٧ ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو،
حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
٢٨ لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز،
تێری خواردبوو.
پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
٢٩ ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون،
هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر،
٣٠ لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.