مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس
دەرکەوتنی یەحیای کوڕی زەکەریا
١ سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا.
٢ لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:
﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،﴾*
٣ ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾*
٤ یەحیا هات،
لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی* تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناە بەخشین.
٥ خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای،
دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.
٦ جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو،
پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست،
کوللە و هەنگوینی کێویی دەخوارد.
٧ ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو:
«لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەتواناترە،
تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە.
٨ من لە ئاوتان هەڵدەکێشم،
بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت*
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
٩ لەو ڕۆژانەدا عیسا لە ناسیرەوە هات،
کە سەر بە ناوچەی جەلیلە و لەسەر دەستی یەحیا لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵکێشرا.
١٠ هەرکە عیسا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە،
بینی ئاسمان شەق بوو،
ڕۆحی پیرۆزیش وەک کۆترێک لەسەری نیشتەوە.
١١ دەنگێکیش لە ئاسمانەوە هات:
«تۆ کوڕی خۆشەویستمی،
بە تۆ زۆر دڵشادم.»
١٢ دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆز عیسای بەرەو چۆڵەوانی برد.
١٣ چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا لەنێوان ئاژەڵانی کێویدا بوو،
شەیتان تاقی دەکردەوە،
فریشتەکانیش خزمەتیان دەکرد.
عیسا مزگێنی ڕادەگەیەنێت
١٤ دوای دەستگیرکردنی یەحیا،
عیسا هاتە جەلیل و مزگێنی خودای ڕادەگەیاند و
١٥ دەیفەرموو:
«کاتەکە هاتووەتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بووەتەوە.
تۆبە بکەن،
باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن.»
هەڵبژاردنی قوتابییەکان
١٦ کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت،
شیمۆن و ئەندراوسی برای بینی،
تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە،
چونکە ماسیگر بوون.
١٧ عیسا پێی فەرموون:
«وەرن دوام بکەون،
دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ*
١٨ دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
١٩ ئینجا کەمێک دوور کەوتەوە،
یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای بینی،
لەناو بەلەمێکدا تۆڕەکەی خۆیان چاک دەکردەوە.
٢٠ یەکسەر بانگی کردن،
ئەوانیش زەبدی باوکیان لەگەڵ کرێکاران لەناو بەلەمەکە بەجێهێشت و دوای کەوتن.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
٢١ ئینجا عیسا و شوێنکەوتووانی چوونە شاری کەفەرناحوم.
لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک.
٢٢ خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون،
چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن،
نەک وەکو مامۆستایانی تەورات*.
٢٣ لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو،
لەپڕ هاواری کرد،
٢٤ گوتی:
«عیسای ناسیرەیی،
چیت لێمان دەوێت؟
هاتووی لەناومان ببەیت؟
دەزانم تۆ کێیت،
پیرۆزەکەی خودایت!»
٢٥ عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی:
«بێدەنگ بە!
لێی وەرە دەرەوە!»
٢٦ ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.
٢٧ هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری:
«ئەمە چییە؟
فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە!
فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.»
٢٨ یەکسەر ناوبانگی عیسا بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.
چاککردنەوەی خەسووی پەترۆس
٢٩ کاتێک عیسا لەگەڵ یاقوب و یۆحەنا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت،
چوونە ماڵی شیمۆن و ئەندراوس.
٣٠ خەسووی شیمۆن لەناو جێگادا کەوتبوو،
تای هەبوو،
خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد.
٣١ ئەویش هات،
دەستی گرت و هەڵیستاندەوە.
تایەکە بەریدا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.
٣٢ ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون،
هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو.
٣٣ هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە،
٣٤ عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن،
چونکە دەیانزانی کێیە.
مزگێنیدان لە ناوچەی جەلیل
٣٥ بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو،
عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن.
٣٦ شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان،
٣٧ کە دۆزییانەوە پێیان گوت:
«هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.»
٣٨ عیسا پێی فەرموون:
«وەرن،
با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت،
تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم،
چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.»
٣٩ ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لە کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد.
پاکبوونەوە لە گولی
٤٠ پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو،
لێی پاڕایەوە و چۆکی دادا و پێی گوت:
«ئەگەر بتەوێت،
دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
٤١ عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو:
«دەمەوێت،
پاک بەرەوە!»
٤٢ دەستبەجێ گولییەکەی لێبووەوە و پاک بووەوە.
٤٣ دوای ئەوەی کە عیسا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە،
دەستبەجێ بەڕێی کرد،
٤٤ پێی فەرموو:
«ئاگاداربە،
هیچ شتێک بە کەس مەڵێ،
بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین* بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە،
وەک شایەتییەک بۆیان.»
٤٥ بەڵام ئەو ڕۆیشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە کرد،
لەبەر ئەوە عیسا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناو شار،
بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندا بوو و خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.