مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا
کورتە باسێک
مەتا جولەکەیەکی باجگر بوو، مەسیح بانگی کرد ببێتە یەکێک لە قوتابییەکانی. باوەڕی هێنا و وازی لە کارەکەی هێنا و بووە شوێنکەوتەی عیسا ‏(بڕوانە مەتا ٩‏:٩‏-١٣).‏‏ بە سروشی (وەحی) ڕۆحی پیرۆز پەیامی مژدەی مەسیح و سەربوردەی ژیانی ئەوی نووسییەوە، زۆربەی ئەو ڕووداوانەی کە باسی دەکات بە چاوی خۆی بینیویەتی. مێژووی نووسینەوەکەی دیار نییە، بەڵام بە ساڵی (٦٠–٦٥ ز.) مەزەندە دەکرێ.
ئامانجی سەرەکی لە نووسینەکەی ئەوە بووە کە بیسەلمێنێ عیسا ئەو مەسیحەیە کە گەلی خودا چاوەڕێی هاتنی بوون. یەکێک لە گرنگترین ڕستەکانیش کە نووسیویەتییەوە ئەو قسەیەی مەسیحە کە فەرموویەتی: «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان پێغەمبەران بسڕمەوە…، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی» ٥‏:١٧‏-١٨.‏‏ پەیامەکەی ئاراستەی جولەکەکان کردووە، هەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر ئەو لایەنەی ژیانی عیسا کە هەموو پێشبینییەکانی پێغەمبەران دەربارەی مەسیح لە ئەودا هاتوونەتە دی و ڕەچەڵەکەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ داود و ئیبراهیم. ئەو پاشایەی جولەکەکان چاوەڕێیان دەکرد لەژێر دەستی داگیرکەران ڕزگاریان بکات. بەڵام کە هات چاوەڕێی پاشایەکی زەمینی بوون، نەک ئەو پاشا ئاسمانییەی کە لە داهاتوو بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات، لەبەر ئەوە بەشداربوون لە لەخاچدان و کوشتنی.
نووسراوەکەی مەتا لەپێشەوەی هەموو نووسراوەکانی پەیمانی نوێ دانراوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی بە پردێک دادەنرێ لەنێوان پەیمانی نوێ و نووسراوی پێغەمبەرانی کۆن.