مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس
کورتە باسێک
یۆحەنای مەرقۆس کەوا بە مەرقۆس ناسراوە، هاوڕێی بەرناباس و پۆڵس بووە ‏(بڕوانە کردار ١٣‏:٥‏،١٣‏‏ و دووەم تیمۆساوس ٤‏:١١‏)‏. مەرقۆس یەکێک نەبووە لە دوازدە قوتابییەکەی عیسا، بەڵام لە کاتی گرتنی عیسا ئەو کەسە بووە کەوا پارچە کەتانەکەی بەجێهێشتووە و ڕایکردووە ‏(١٤‏:٥١‏-٥٢‏)‏. هەروەها یاوەر و یارمەتیدەری پەترۆس بوو لە ڕۆمای پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، لە ساڵانی (٥٥–٥٦ ز.). بە سروش (وەحی)ی ڕۆحی پیرۆز پوختەی وتارەکانی پەترۆسی لەم پەڕتووکەدا کۆکردووەتەوە و مژدەی مەسیح و کورتەیەک لە سەربوردەی ژیانی ئەوی تێدا باسکردووە، بە یەکەمین نووسراوەی پەیامی مژدەی پاشایەتی خودا هەژمارد دەکرێ.
مەرقۆس ئەم مژدەیەی بۆ هاندانی باوەڕدارانی بە ڕەگەز ڕۆمانی نووسیوە، نووسەر زیاتر تیشکی خستووەتە سەر پەرجوو (موعجیزە) و کردارەکانی عیسا، هەروەها مەسیح وەک خزمەتکارێک دەناسێنێت کە ئازاری زۆری چێژتووە و سێ جار پێشبینی مردنی خۆی کردووە. بە کورتی باسی پەیمانی کۆن دەکات، هەروەها هەوڵی داوە ئەو شتانە ڕوون بکاتەوە کە تایبەت بوون بە ئایینی جولەکە. لەم پەڕتووکەدا عیسا وەک مامۆستا و ڕزگارکەرێکی بێفیز دەردەکەوێت، «چونکە کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.» ‏(١٠‏:٤٥‏)‏. بە خوێنی خۆی پەیمانێکی نوێ و پەیوەندییەکی نوێی لەنێوان خودا و مرۆڤدا دروستکردووە ‏(١٤‏:٢٤‏)‏.