مزگێنی بەپێی نووسینی لۆقا
کورتە باسێک
لۆقا پزیشک و مێژوونووسێکی یۆنانی بووە، ئەو تەنها کەسێکە کە جولەکە نەبووە و مژدەی مەسیحی نووسیوەتەوە، هاوڕێی نزیک و یاوەری پۆڵس بووە. لە دەوروبەری ساڵی (٦٠ ز.) لە قەیسەرییە یان لە ڕۆما بە سروشی (وەحی) ڕۆحی پیرۆز پەیامی مژدەی شانشینی خودا و سەربوردەی ژیان و پەرجووەکانی (موعجیزە) مەسیحی نووسیوە، هەروەها نووسەری پەڕتووکی کرداری نێردراوانە کە تەواوکەری ئەم پەڕتووکەیە. لۆقا بەهۆی ئەوەی کەسێکی ڕۆشنبیر بووە، بە سروشی ڕۆحی پیرۆز ئەم پەڕتووکی مزگێنییەی زۆر گشتگیرانە و بە زمانێکی پاراو نووسیوەتەوە و تێیدا پلە و پایەیەکی تایبەتیشی داوەتەوە ئافرەت.
لۆقا بۆ ساوفیلۆس (واتا ئەوەی خودا خۆشی دەوێت) و هەموو خەڵکێک دەنووسێت، بە تایبەتی ئەوانەی جولەکە نین، هەروەک خۆی لە سەرەتای پەڕتووکەکەیدا باسی دەکات کە بەدوای سەرچاوەی ڕاستدا گەڕاوە بۆ زانیارییەکانی سەبارەت بە ژیانی عیسا لەسەر زەوی. مەسیح لەم پەڕتووکەدا مرۆڤێکی تەواو و دڵسۆزە، ڕزگارکەری هەموو جیهانە، هەروەک لە یەکێک لە ئایەتەکانی ئەم پەڕتووکەدا هاتووە کە عیسا دەفەرموێت: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.» ١٩‏:٩‏-١٠‏‏.
پەڕتووکی مزگێنی بەپێی نووسینی لۆقا زیاتر چڕ دەبێتەوە لەسەر پەیوەندییەکانی عیسا لەگەڵ خەڵک و ئەو نەخۆش و نەخۆشییانەشی کە چاکی کردنەوە.