چاککردنەوەی ئیفلیجێک
١ پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە بۆ کەفەرناحوم،
جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە.
٢ خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە،
بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو،
ئەویش دەستی کرد بە باسکردنی پەیامی خودای بۆیان.
٣ لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای،
بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو.
٤ بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە.
جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو.
٥ کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی،
بە ئیفلیجەکەی فەرموو:
«کوڕم،
گوناهەکانت بەخشران.»
٦ هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون،
لە دڵی خۆیاندا گوتیان:
٧ «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟
کفر دەکات!
بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناە ببەخشێت؟»
٨ دەستبەجێ عیسا لە ڕۆحییەوە زانی کە ئەوان لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە،
پێی فەرموون:
«بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟
٩ کامیان ئاسانترە،
بە ئیفلیجەکە بگوترێت:
”گوناهەکانت بەخشران،“
یان بگوترێت:
”هەستە،
نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟
١٠ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ* لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،
…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو:
١١ «پێت دەڵێم:
هەستە،
نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
١٢ ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە.
بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان:
«هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»
عیسا لێڤی بانگهێشت دەکات
١٣ دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە،
خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان.
١٤ لە کاتی ڕۆیشتنیدا،
لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو،
پێی فەرموو:
«دوام بکەوە.»
ئەویش هەستا و دوای کەوت.
١٥ لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو،
زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون،
چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون.
١٦ مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون،
کاتێک بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات،
بە قوتابییەکانی ئەویان گوت:
«بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
١٧ کە عیسا گوێی لەمە بوو،
پێی فەرموون:
«لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە،
بەڵکو نەخۆش.
نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم،
بەڵکو گوناهباران.»
لەبارەی ڕۆژووەوە
١٨ کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون،
چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی:
«بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن،
بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
١٩ عیساش پێی فەرموون:
«ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟
هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن.
٢٠ بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە،
ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
٢١ «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات،
چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەبێت.
٢٢ کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە،
ئەگینا شەرابەکە مەشکەکە دەدڕێنێت،
شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت.
بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»
گەورەی ڕۆژی شەممە
٢٣ لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی،
قوتابییەکانی بە ڕێگاوە دەستیان کرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە.
٢٤ فەریسییەکان پێیان گوت:
«بڕوانە،
بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟»
٢٥ عیساش وەڵامی دانەوە:
«ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە تەنگانە و برسییان بوو؟
٢٦ لە سەردەمی ئەبیاتاری سەرۆکی کاهینان،
داود چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی* خوارد،
دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون،
ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت.»
٢٧ ئینجا پێی فەرموون:
«شەممە بۆ مرۆڤ بەدیهێنراوە،
نەک مرۆڤ بۆ شەممە.
٢٨ کەواتە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»