پاشایەتی نەینەوا دەڕووخێنرێت
١ ئەی نەینەوا،
پەلاماردەر لە دژی تۆ هات.
قەڵاکە بپارێزە،
چاودێری ڕێگاکە بکە،
بازووی لێ هەڵبکە،
توانای زۆر بخەرە گەڕ!
 
٢ یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە
وەک سەروەری ئیسرائیل،
هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و
ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.
 
٣ قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون،
قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان،
لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا
پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە،
ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.
٤ گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون،
لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن.
دیمەنیان وەک مەشخەڵە،
وەک بروسک غار دەدەن.
 
٥ نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات،
بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون.
پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و
قەڵغانەکان ئامادە کراون.
٦ دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و
کۆشکەکە دەڕمێت.
٧ بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و
ڕاپێچ دەکرێت.
کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن،
سنگیان دەکوتن.
٨ نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە.
هاوار دەکەن،
«ڕاوەستن!
ڕاوەستن!»
بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.
٩ «زیو تاڵان بکەن!
زێڕ تاڵان بکەن!
گەنجینەکانی لەبن نایەن،
پڕە لە گەوهەری بەهادار.»
١٠ چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە،
دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن،
هەموویان دەلەرزن،
ڕەنگیان دەپەڕێت.
 
١١ کوا لانەی شێرەکان،
لەوەڕگای بەچکە شێران؟
لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان
لەگەڵ بەچکە شێر،
هیچ شتێک نەیدەترساندن.
١٢ شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و
نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند،
ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر،
لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.
 
١٣ یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
«من لە دژی تۆم.
گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ،
بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و
نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم.
ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»