ناحوم
١ سروشێک* سەبارەت بە نەینەوا،
پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی:
تووڕەیی خودا لە دژی نەینەوا
٢ یەزدان خودایەکی ئیرەدار* و تۆڵەسێنەرە،
یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە.
یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و
هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە.
٣ یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە،
بەڵام چاو لە گوناە ناپۆشێت.
ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە،
هەور تۆزی پێیەکانیەتی.
٤ دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات،
هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات.
باشان و کارمەل سیس دەکات،
خونچەی لوبنان سیس دەبێت.
٥ چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و
گردەکان دەتوێنەوە.
زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت،
جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی.
٦ کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟
هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و
تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن.
 
٧ یەزدان چاکە،
لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە.
بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن،
٨ بەڵام بە تۆفانێکی گەورە
بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت،
دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت.
 
٩ بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟
ئەو کۆتایی پێدەهێنێت،
کارەسات دوو جار بەرپا نابێت.
١٠ ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن،
بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن،
هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن.
١١ ئەی نەینەوا،
یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت،
ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان،
ڕاوێژکاری بەدکارییە.
١٢ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«هەرچەندە بەهێز و زۆریشن،
بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن.
ئەی یەهودا،
هەرچەندە زەلیلم کردیت
بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم.
١٣ ئێستاش ئەو نیرەی* کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم،
کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.»
 
١٤ ئەی نەینەوا،
یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە:
«هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت.
بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان
لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم.
گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم،
چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.»
 
١٥ ئەوەتا لەسەر چیاکانە
پێیەکانی مزگێنیدەر،
ئاشتی ڕادەگەیەنێت!
ئەی یەهودا،
جەژنەکانت بگێڕە،
نەزرەکانت* بەجێبهێنە،
ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن،
بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن.