میخا
کورتە باسێک
ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و داوات لێدەکات کە دادوەری بەجێبهێنیت و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.‏
 
لە سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین میخای نووسەری ئەم پەڕتووکە بە ڕێنمایی خودا هۆشداری دایە هەردوو شانشینی یەهودا و ئیسرائیل. میخا لە شارۆچکەیەکی بچووکی باشووری ئۆرشەلیم دەژیا، بەڵام پەیامەکەی ئاراستەی هەریەک لە ئۆرشەلیم و سامیرە کرد، پایتەختی هەردوو شانشینەکە. باسی ستەم و خراپە و خۆبەزلزانی و گەندەڵی و لەخواترسی ڕووکەش و هەڵخەڵەتێنەری ئەوانی کرد. پێویست بوو ئەو دوو شارە وەک گرنگترین شارەکانی هەردوو شانشینەکە ببنە نموونەی چاکە و ڕاستودروستی، نەک خراپە و هەڵگەڕانەوە و تاوان، لەبەر ئەوە لەبەرچاوی خودای پیرۆز و ڕاستودروست بەرپرس بوون لە خراپەی کردەوەکانیان.
تەوەری ئەم پەڕتووکە چاکەی خودا و داواکاری خودایە کە هەموو خەڵک چاک بن. خودا داوا دەکات دادپەروەری سەروەر بێت و ساکاری و خۆشویستن لەنێوان ئەو خەڵکە هەبێت کە باوەڕیان بە خودا هەیە، لەخواترسییان تەنها ڕووکەش و هەڵخەڵەتێنەر نەبێت. ئەوانەی هەڵدەگەڕێنەوە و ستەمکاری دەکەن و لووتبەرزن خودا سزایان دەدات. هەروەها میخا پێشبینی هاتنی مەسیح دەکات و ئەو شوێنەش دیاری دەکات کە لێی لەدایک دەبێت، کاتێک مۆغەکان لەو منداڵە دەگەڕان کە لەدایک ببوو ‏(مەتا ٢‏:٤‏-٦‏)‏ ڕاوێژکارانی هێرۆدس ئاماژەیان بەو پێشبینییە کرد.