لێڤییەکان
١ پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو،
سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل.
٢ هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و
٣ ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو.
٤ داود گوتی:
«بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و
٥ چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.»
 
٦ ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک،
بەپێی کوڕەکانی لێڤی:
گێرشۆن و قەهات و مەراری.
گێرشۆنییەکان
٧ لە گێرشۆنییەکان:
لەعدان و شیمعی.
٨ کوڕەکانی لەعدان:
یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە،
ئینجا زێتام و یۆئێل،
سێ کوڕ بوون.
٩ کوڕەکانی شیمعی:
شەلۆمۆت،
حەزیێل و هاران،
سێ کوڕ بوون.
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون.
١٠ کوڕەکانی شیمعیش:
یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە.
ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون.
١١ یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو،
بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو،
لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران.
قەهاتییەکان
١٢ کوڕەکانی قەهات:
عەمرام،
یەسهار،
حەبرۆن و عوزیێل،
چوار کەس بوون.
١٣ کوڕەکانی عەمرام:
هارون و موسا.
هارون و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز هەڵبژێردران،
بۆ قوربانی کردن لەبەردەم یەزدان و داواکردنی بەرەکەت بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە.
١٤ هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران.
١٥ کوڕەکانی موسا
گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون.
١٦ نەوەکانی گێرشۆم:
شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
١٧ نەوەی ئەلیعەزەریش:
ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو،
بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو.
١٨ کوڕەکانی یەسهار:
شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
١٩ کوڕەکانی حەبرۆن:
یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو،
ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو.
٢٠ کوڕەکانی عوزیێل:
میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو.
مەرارییەکان
٢١ کوڕەکانی مەراری:
مەحلی و موشی.
کوڕەکانی مەحلی:
ئەلعازار و قیش.
٢٢ ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو،
تەنها کچی هەبوو،
جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن.
٢٣ کوڕەکانی موشی:
مەحلی،
عێدەر و یەریمۆت،
سێ کوڕ بوون.
 
٢٤ ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان.
گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران،
لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد،
٢٥ چونکە داود گوتبووی:
«لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە،
٢٦ ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.»
٢٧ بەپێی دوایین فەرمانی داود،
لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران.
 
٢٨ لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان:
بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان،
بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان،
بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛
٢٩ بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی* فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛
٣٠ هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛
٣١ هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان.
پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان،
بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن.
٣٢ ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد،
هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.