١ ئینجا داود گوتی:
«ئێرە ماڵی یەزدانی پەروەردگارە،
هەر ئێرەش قوربانگای قوربانی سووتاندنی ئیسرائیلە.»
ئامادەکاری بۆ پەرستگاکە
٢ ئیتر داود فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەو نامۆیانەی لە خاکی ئیسرائیل بوون،
هەندێکی لێ کردنە نەقاڕ بۆ تاشینی بەردی چوارگۆشەیی بۆ بنیادنانی ماڵی خودا.
٣ داود ئاسنێکی زۆری بۆ بزمار و ئەڵقەڕیزی دەرگاکان ئامادە کرد،
بڕۆنزێکی زۆری لەکێش نەهاتووشی ئامادە کرد.
٤ هەروەها داری ئورزیشی ئامادە کرد کە لە ژمارە نەدەهات،
چونکە سەیدائییەکان و سورییەکان دار ئورزێکی زۆریان بۆ داود هێنا.
٥ داود گوتی:
«سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە،
ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت،
لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.»
جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد.
٦ پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
٧ داود بە سلێمانی گوت:
«کوڕی خۆم،
من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم.
٨ بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە،
لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت،
چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی.
٩ بەڵام کوڕێکت دەبێت،
دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە،
لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە.
ناوی سلێمان* دەبێت،
لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم.
١٠ ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت،
من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من،
تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“
١١ «کوڕی خۆم،
ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی.
١٢ کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت.
١٣ ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد،
ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت.
ئیتر بەهێزبە و ئازابە،
مەترسە و ورە بەرمەدە.
١٤ «من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان،
سەد هەزار تالنت* زێڕ و ملیۆنێک تالنت* زیو،
بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش،
دار و بەردیشم ئامادە کردووە.
تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت.
١٥ کرێکارێکی زۆرت لەلایە،
لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک
١٦ لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن،
وەستاکان لە ژمارە نایەن.
ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.»
١٧ پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن:
١٨ «ئایا یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان نییە؟
ئایا لە هەموو لایەکەوە نەیحەساندوونەتەوە؟
دانیشتووی خاکەکەی داوەتە دەستم و خاکەکەی ژێردەستەی یەزدان و گەلەکەی کردووە.
١٩ ئێستاش بە هەموو دڵ و گیانتانەوە ڕووتان لە یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.
هەستن و پیرۆزگای یەزدانی پەروەردگار بنیاد بنێن،
بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان و قاپوقاچاغی پیرۆزگای خودا بهێنرێتە ناو ئەو پەرستگایەی کە بۆ ناوی یەزدان بنیاد دەنرێت.»