دووەم پاشایان
کورتە باسێک
فەرمانڕەوایەتیکردن بە دادپەروەری و دانایی پشت بە گوێڕایەڵبوون دەبەستێ بە فەرمایشتی خودا، گوێڕایەڵنەبوون و هەڵگەڕانەوە سزای قورسی هەیە.‏
 
ئەم پەڕتووکە لە نزیکەی سەدەی شەشەمی بەر لە زایین بە ڕۆحی پیرۆز نووسراوە، باسی سەردەمێکی مێژوو دەکات بە درێژایی نزیکەی دوو سەد و پەنجا ساڵ، لەو ماوەیەدا دوو کارەسات بەسەر گەلی ئیسرائیلدا هات. لە ساڵی ٧٢٢ پ. ز. ئاشورییەکان هێرشیان کردە سەر شانشینی ئیسرائیل لە باکوور و وێرانیان کرد، هەروەها لە ساڵی ٥٨٦ پ. ز. لەشکری بابلی هەڵکشا بۆ سەر شانشینی یەهودا لە باشوور و داگیریان کرد. دەقەکانی ئەم پەڕتووکە وردەکاری گرنگیان باسکردووە سەبارەت بە فەرمانڕەوایەتی چینێک لە پاشایان لەگەڵ خراپی باری ڕۆحی و خراپەکاری و گوناهباری پاشاکان. لەو ماوەیەی ئەو پاشا خراپانە فەرمانڕەوایەتییان دەکرد، لە کاتی شەڕ و ئاشتی، بووژانەوە و وێرانی، خودا کاریگەری هەبوو لەسەر مێژوو و ژیانی گەل، بە تایبەتیش کاتێک پێغەمبەر و نێردراو و ئاگادارکەرەوەی دەنارد بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەو سزایەی بەسەریان دێت.
بە درێژایی ئەم پەڕتووکە دەسەڵاتی خودا لەسەر ژیانی مرۆڤ و نەتەوەکان دیاردەیەکی زەقە. ڕابەرەکان پێیان وابووە کە توانیویانە جڵەوی پاشا بگرنە دەست، بەڵام بە هەڵەدا چوون، لەم پەڕتووکە دەبینین چۆن خودا ئاشوری و بابلییەکانی بەکارهێنا بۆ بەجێگەیاندنی حوکمەکەی لەسەر هەردوو شانشینی یەهودا و ئیسرائیل کە لەڕێ لایاندابوو. دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە گوناە سزا دەهێنێتە سەر گەل، بەڵام چاکە بەرەکەتی خودا دەهێنێت. پەڕتووکی دووەم پاشایان بۆمان ئاشکرا دەکات کە خودا بەبێ ئاگادارکردنەوە کەس سزا نادات، سەرەتا پێغەمبەرەکانی نارد بۆ ئەوەی لە سزای خودایانە ئاگاداریان بکاتەوە.