چالاکی دیکەی سلێمان
١ لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بنیاد دەنا،
٢ سلێمان ئەو گوندانەی بنیاد نایەوە کە حیرامی پاشا پێیدا و نەوەی ئیسرائیلی تێیاندا نیشتەجێ کرد.
٣ ئینجا سلێمان چوو بۆ حەمات چۆڤا و گرتی.
٤ هەروەها تەدمۆری لە چۆڵەوانیدا ئاوەدان کردەوە،
لەگەڵ هەموو ئەو کۆگایانەی* کە لە حەماتدا بنیادی نابوون.
٥ ئینجا بێتحۆرۆنی سەروو و بێتحۆرۆنی خوارووی بنیاد نایەوە و کردنی بە شاری قەڵابەند بە شوورا و دەروازە و شمشیرە*.
٦ شارۆچکەی بەعەلاتیشی ئاوەدان کردەوە،
لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان،
هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لە لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
٧ هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون،
کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،
٨ پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل لەناویان نەبردبوون سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن،
هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.
٩ بەڵام سلێمان بۆ کارەکەی کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە،
چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و ئەفسەری باڵا،
ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.
١٠ ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانەی سلێمان پاشا بوون،
دوو سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
١١ سلێمان کچەکەی فیرعەونی لە شاری داودەوە بردە ئەو کۆشکەی کە بۆی بنیاد نا،
چونکە گوتی:
«ژنی من لە کۆشکی داودی پاشای ئیسرائیل دانانیشێت،
لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی سندوقی یەزدانی چووەتە ناو شوێنی پیرۆزن.»
١٢ ئینجا سلێمان قوربانی سووتاندنی بۆ یەزدان سەرخستە سەر ئەو قوربانگایەی یەزدان کە لەبەردەم هەیوانەکە بنیادی نا.
١٣ قوربانی سووتاندنەکان هەریەکە و لە ڕۆژی خۆی،
بەپێی فەرمانەکەی موسا،
لە شەممەکان و سەرەمانگەکان و جەژنە دیاریکراوەکان،
ساڵانە سێ جار،
لە جەژنی فەتیرە و لە جەژنی هەفتەکان* و لە جەژنی کەپرەشینە.
١٤ ئینجا بەپێی بڕیاری داودی باوکی،
سلێمان بەشی کاهینەکانی بەگوێرەی خزمەتەکانیان دیاری کرد،
هەروەها لێڤییەکانی لەسەر ئەرکی خۆیان دانا بۆ ستایشکردن و یارمەتیدانی کاهینەکان،
هەریەکە بەگوێرەی پێداویستییەکانی ڕۆژەکەی خۆی.
دەرگاوانەکانیشی لە بەشەکانی خۆیان دانا لەسەر هەموو دەرگاکان،
چونکە ئەمە فەرمانەکەی داودی پیاوی خودا بوو.
١٥ لە فەرمانەکانی پاشا لایان نەدا کە سەبارەت بە کاری کاهین و لێڤییەکان درابوو،
هەروەها بە کاری گەنجینەکانیش.
١٦ بەم شێوەیە هەموو کارەکانی سلێمان ئامادە کرا،
لە ڕۆژی بناغەدانانییەوە هەتا تەواوبوونی،
ئیتر پەرستگای یەزدان تەواو بوو.