تەرخانکردنی پەرستگاکە
١ کاتێک سلێمان لە نوێژکردن بووەوە،
ئاگرێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییە سەربڕدراوەکانی دیکەشی هەڵلووشی و شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکرد.
٢ کاهینەکان نەیانتوانی بچنە ناو پەرستگای یەزدانەوە،
چونکە شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکردبوو.
٣ هەموو نەوەی ئیسرائیلیش تەماشایان دەکرد،
کاتێک ئاگرەکە هاتە خوارەوە و شکۆی یەزدان بەسەر پەرستگاکەوە بوو،
جا لەسەر شۆستەکە بە ڕوودا کەوتن و بەچۆکدا هاتن و کڕنۆشیان برد و سوپاسی یەزدانیان کرد،
گوتیان:
«بێگومان خودا چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
٤ ئینجا پاشا و هەموو گەلیش قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی.
٥ سلێمانی پاشا بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی کردە قوربانی.
ئیتر پاشا و هەموو گەل پەرستگای خودایان تەرخان کرد.
٦ کاهینان لە شوێنی خزمەتەکەی خۆیان ڕاوەستابوون،
هەروەها لێڤییەکانیش بە ئامێرە مۆسیقییەکانەوە کە داودی پاشا بۆ سوپاسکردنی یەزدان دروستی کردبوون بە هەمان شێوەی داود ستایشی پێ دەکردن،
دەیانگوت:
«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
کاهینەکان بەرامبەریان کەڕەنایان لێدەدا،
هەموو ئیسرائیلیش ڕاوەستابوون.
٧ هەروەها سلێمان ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پیوی قوربانییەکانی* هاوبەشی* پێشکەش کرد،
چونکە ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە سلێمان دروستی کردبوو جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکان نەدەبووەوە.
٨ لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا،
هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون،
هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر،
کۆمەڵێکی زۆر گەورە.
٩ لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگیان گێڕا،
چونکە لە حەوت ڕۆژدا تەرخانکردنی قوربانگاکەیان ئەنجام دا و جەژنیش حەوت ڕۆژ بوو.
١٠ ئینجا سلێمان لە بیست و سێیەمین ڕۆژی مانگی حەوت گەلی بە شادمانی و دڵخۆشییەوە بۆ ماڵەوە بەڕێکرد،
بەهۆی ئەو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داود و سلێمان و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی.
دەرکەوتنی یەزدان بۆ سلێمان
١١ پاش ئەوەی سلێمان پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد،
هەروەها هەموو ئەوانەشی کە بەبیریدا هات لە پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بیکات تێیدا سەرکەوتوو بوو،
١٢ یەزدان لە شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت و فەرمووی:
«گوێم لە نوێژەکەت بوو،
ئەم شوێنەم هەڵبژارد تاکو ببێتە پەرستگای قوربانی بۆ من.
١٣ «کاتێک ئاسمان دادەخەم و باران نابارێت و کاتێک فەرمان بە کوللە دەکەم بەروبوومی خاکەکە بخوات یان پەتا دەنێرمە ناو گەلەکەم،
١٤ ئینجا کە گەلەکەم ئەوەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێت،
بێفیز بوون و نوێژیان کرد و ڕوویان لە من کرد و لە ڕێگا خراپەکانیان گەڕانەوە،
من لە ئاسمانەوە گوێ دەگرم و لە گوناهەکانیان خۆشدەبم و خاکەکەیان چاک دەکەمەوە.
١٥ ئێستاش چاوەکانم کراوە دەبن و گوێیەکانیشم شل دەبن بۆ نوێژکردن لەم شوێنەدا.
١٦ ئێستاش ئەم پەرستگایەم هەڵبژاردووە و پیرۆزم کردووە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە ناوی منی تێدابێت و دڵ و چاوم هەمیشە لەوێ دەبن.
١٧ «تۆش ئەگەر بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەیت وەک ئەوەی داودی باوکت کردی،
هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت،
١٨ ئەوا تەختی پاشایەتییەکەت جێگیر دەکەم،
هەروەک چۆن پەیمانم لەگەڵ داودی باوکت بەست و فەرمووم:
”پیاو لە تۆ نابڕێت بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی ئیسرائیل.“
١٩ «بەڵام ئەگەر لاتان دا و وازتان لە فەرز و فەرمانەکانم هێنا کە پێم داون،
چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن،
٢٠ ئەوا لە خاکەکەم ڕیشەکێشتان دەکەم کە پێم داون و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم و دەیکەمە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی لەنێو هەموو گەلان.
٢١ ئەم پەرستگا پایەبەرزەش،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و دەڵێت:
”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“
٢٢ ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە:
”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێناوە،
ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە و کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە،
لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»