داود و مەفیبۆشەت
١ داود پرسی:
«ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت،
بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی* لەگەڵدا بکەم؟»
٢ بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو،
بانگیان کرد بۆ لای داود،
ئیتر پاشا پێی گوت:
«تۆ چیڤایت؟»
ئەویش گوتی:
«بەڵێ،
منی خزمەتکارتم.»
٣ پاشاش گوتی:
«ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت،
بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟»
چیڤاش بە پاشای گوت:
«کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»
٤ پاشاش پێی گوت:
«لەکوێیە؟»
چیڤاش بە پاشای گوت:
«لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»
٥ ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.
٦ کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود،
بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد.
داودیش گوتی:
«مەفیبۆشەت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە:
«بەڵێ،
لە خزمەتدام.»
٧ داودیش پێی گوت:
«مەترسە،
چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە،
تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»
٨ مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی:
«بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»
٩ ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت:
«هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو،
بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە.
١٠ خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن.
مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.»
چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.
١١ چیڤاش بە پاشای گوت:
«بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات،
خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.»
ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.