یەکەم ساموئێل
کورتە باسێک
تەنانەت باشترین ڕابەری مرۆڤانە دەکەوێت، بەڵام خودا دڵسۆزە بۆ خەڵکەکەی و بەڵێنی بە پاشاکەی داوە کە بەهێز و دانا و ڕاستودروست و دڵسۆزی دەکات.‏
 
ئەم پەڕتووکە لە سەدەی دەیەمی بەر لە زایین بە سروشی ڕۆحی پیرۆز نووسراوە. لە تەوراتی عیبرانی هەردوو پەڕتووکی یەکەم ساموئێل و دووەم ساموئێل بەهۆی ئەوەی مێژووێکی پێکەوە بەستراوە و باسی سەرگوزەشتەی ژیانی هەریەکە لە ساموئێل و شاول پاشا و داود پاشا دەکات یەک پەڕتووکە، بەڵام دابەشکردنی بۆ دوو پەڕتووک لە هەندێک لە وەرگێڕانەکان تەنها بۆ شێوەیە نەک هیچی دیکە.
ئەم پەڕتووکە تۆماری ئەو شەڕانە نیشان دەدات کە لەنێوان فەلەستییەکان و سوپای شاول پاشا ڕوویدا و بەزاندنی لە شەڕی یەکلاکەرەوەی کۆتایی. ئەم پەڕتووکە باسی مێژووی دۆخی سیاسی و سەربازی دەکات کە گەلی ئیسرائیل بە دەستییەوە دەیانناڵاند، ئینجا دەرکەوتنی پێغەمبەر ساموئێل و تاج لەسەرنانی شاول وەک یەکەم پاشای ئیسرائیل. ساموئێل ڕابەری ڕۆحی نەتەوە بوو، بەڵام شاول جڵەوی کاروباری شار و کارگێڕی و سەربازی گرتە ئەستۆ، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک پاشا توانی دوژمنەکانی ببەزێنێت، بەڵام لەدوای خراپبوونی ژیانی ڕۆحی و ڕەوشتی تووشی کارەساتێکی گەورە بووەوە، لە دوایین شەڕی دۆڕا و ژیانی خۆی و کوڕەکانی لەناوچوو. لە کاتێکدا ئەستێرەی شاول بەرەو ئاوابوون دەچوو ئەستێرەی داود بەرەو درەوشانەوە بوو، سەرباری ئەوەی داود تەمەنی بچووک بوو، لەدوای نەمانی شاول ڕابەرایەتی گەلی وەرگرت.
بیرۆکەی سەرەکی ئەم پەڕتووکە ئەوەیە خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت. بۆ ئەوەی واتای پشتبەستن بە خودا بزانێت، مرۆڤ بە سەرپەرشتی و ڕێنمایی خودا بە ئازار و ناخۆشیدا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی بگاتە بەندەری ئارامی، ئەمەش نیعمەتی خودایە. لەناو ئازار و جەنگ و لەناوچوونی پاشاکان و سەرهەڵدانی پاشای دیکە، لەناو ئاشتی و ئارامی و خۆشی، هەر خودا خۆی جڵەوی مێژووی بەدەستەوەیە، ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی ئەو کەسانە ئاراستە دەکات کە پشت بە خودا دەبەستن و حەسانەوە و ئازایەتی دەبیننەوە بۆ بەرگەگرتنی ژیان.