یەکەم پاشایان
کورتە باسێک
فەرمانڕەوایەتیکردن بە دادپەروەری و دانایی پشت بە گوێڕایەڵبوون دەبەستێ بە فەرمایشتی خودا، گوێڕایەڵنەبوون و هەڵگەڕانەوە سزای قورسی هەیە.‏
 
هەردوو پەڕتووکی یەکەم و دووەمی پاشایان لە دەقی عیبری لە یەک پەڕتووک پێکهاتووە، بەشێکە لە ئەدەبی پێغەمبەرایەتی، ئەمەش لەبەر ئەوەی پێغەمبەرێکی خودا لە سەدەی شەشەمی بەر لە زایین بە سروشی خودا دایناوە. پەڕتووکی پاشایان باسی سەردەمێکی مێژوویی دەکات کە نزیکەی سێ سەد و پەنجا ساڵی خایاندووە لە حوکمڕانی چەندین پاشای گەلی ئیسرائیل، هەر لەبەر ئەوەش ئەم ناوەی لێنراوە.
ئەم پەڕتووکە بە مردنی داود و جێنشینی سلێمانی کوڕی وەک پاشای گەلی ئیسرائیل دەستپێدەکات، ئینجا بنیادنانی پەرستگا لە ئۆرشەلیم، هەروەها ئەو دابەشبوونەی لەدوای مردنی سلێمان بەسەر شانشینەکەدا هات. شانشینی یەهودا لە باشوور و شانشینی ئیسرائیل لە باکوور سەریانهەڵدا. پەڕتووکەکە کۆتایی دێت بە باسکردنێکی وردی ئەو ململانێیەی لەنێوان ئیلیای پێغەمبەر و ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل هەبوو.
ئەم پەڕتووکە ئامانجێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بە ڕوونی بۆمان دەردەخات کە خودا ویستی خۆی ڕادەگەیەنێت و لە ڕێگای ڕابردووەوە لەگەڵمان دەدوێت، هەروەک لە ڕێگای بەسەرهاتە هاوچەرخەکانیش لەگەڵمان دەدوێت. ئەو ڕووداوانە لەبەر ئەوە تۆمارکراون بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئێمە هەمان هەڵە دووبارە نەکەینەوە. ئەو ململانێیەی لەنێوان ئیلیا و ئەحاڤ بەردەوام بوو بۆمان دەردەخات کە خودا دەست لە ژیانی مرۆڤ وەردەدات و گرنگی بە کاروباری مرۆڤ دەدات.