سەرکەوتنەکانی داود*
١ ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن،
مەسەگ ئەممای لە فەلەستییەکان سەند.
٢ هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند.
ئەوانی لەسەر زەوی پاڵخست و بە گوریس پێوانەی کردن،
بە پێوانەی دوو گوریس خەڵکەکەی کوشت و بە پێوانەی گوریسێکیش خەڵکی بە زیندوویی هێشتەوە.
* ئینجا مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
٣ هەروەها داود هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤای بەزاند،
کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردەکەی یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات نۆژەن بکاتەوە.
٤ داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت،
ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
٥ کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن،
داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت.
٦ ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا،
ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد،
یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
٧ پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم.
٨ هەروەها داودی پاشا بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و بێرۆتەی برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون.
٩ کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری بەزاندووە،
١٠ یۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی،
چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو.
یۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا کەلوپەلی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
١١ داودی پاشا ئەمانەشی بۆ یەزدان تەرخان کرد لەگەڵ ئەو زێڕ و زیوانەی کە دەستی کەوتبوو لە هەموو ئەو نەتەوانەی ژێردەستەی کردبوون:
١٢ لە ئەدۆم،
مۆئاب،
عەمۆن،
فەلەستی و عەمالێق.
هەروەها ئەو دەستکەوتەشی تەرخان کرد کە لە هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤا دەستی کەوت.
١٣ داود پاش گەڕانەوەی لە کوشتنی هەژدە هەزار ئەدۆمی لە دۆڵی خوێ*،
ناوبانگی بڵاو بووەوە.
١٤ لە هەموو خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود.
داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد،
یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
١٥ داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد،
دادپەروەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.
١٦ یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛
یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
١٧ سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛
سەرایا خامەی نهێنی* بوو؛
١٨ بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان* بوو؛
کوڕەکانی داودیش ڕاوێژکاری پاشا بوون.