داود و مەفیبۆشەت
١ داود پرسی:
 «ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت،
 بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی* لەگەڵدا بکەم؟»
٢ بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو،
 بانگیان کرد بۆ لای داود،
 ئیتر پاشا پێی گوت:
 «تۆ چیڤایت؟»
ئەویش گوتی:
 «بەڵێ،
 منی خزمەتکارتم.»
٣ پاشاش گوتی:
 «ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت،
 بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟»
چیڤاش بە پاشای گوت:
 «کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»
٤ پاشاش پێی گوت:
 «لەکوێیە؟»
چیڤاش بە پاشای گوت:
 «لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»
٥ ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.
٦ کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود،
 بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد.
داودیش گوتی:
 «مەفیبۆشەت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە:
 «بەڵێ،
 لە خزمەتدام.»
٧ داودیش پێی گوت:
 «مەترسە،
 چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە،
 تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»
٨ مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی:
 «بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»
٩ ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت:
 «هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو،
 بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە. 
 ١٠ خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن.
 مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.»
 چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.
١١ چیڤاش بە پاشای گوت:
 «بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات،
 خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.»
 ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.