داود لە شاری نۆڤ
١ داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین،
 ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت:
 «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟»
٢ داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە:
 «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم،
 پێی گوتم:
 ”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“
 سەبارەت بە پیاوەکانیشم،
 شوێنێکم بۆ دیاری کردوون بۆ ئەوەی لەوێ چاویان پێم بکەوێت. 
 ٣ ئێستاش چیت لەبەردەستە؟
 پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.»
٤ کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە:
 «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت،
 بەڵام نانی پیرۆز* هەیە،
 بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان.»
٥ داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە:
 «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە،
 وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم،
 قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن،
 تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت،
 ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟» 
 ٦ لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا،
 چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو،
 جگە لە نانی تەرخانکراو،
 ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو،
 هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە.
٧ لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو،
 ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو،
 گەورەی شوانەکانی شاول بوو.
٨ ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت:
 «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟
 نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە،
 چونکە ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.»
٩ کاهینەکەش گوتی:
 «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی،
 ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت،
 ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە،
 ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت،
 بیبە،
 چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.»
داودیش گوتی:
 «لەوە باشتر نابێت،
 بمدەرێ.»
داود بۆ گەت هەڵدێت
١٠ هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد،
 هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت*. 
 ١١ خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت:
 «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟
 ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت:
«”شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار“؟»
١٢ داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا، 
 ١٣ لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی،
 لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد،
 لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە.