داود لە عەدولام و میچپا
١ پاشان داود لە گەت ڕۆیشت و بۆ ئەشکەوتی عەدولام دەرباز بوو.
کاتێک براکانی و هەموو ماڵی باوکی ئەمەیان بیست،
چوونە ئەوێ بۆ لای.
٢ جا هەرچی پیاوی لێقەوماو و قەرزار و ناڕازی لە ژیان هەبوو لێی کۆبوونەوە،
ئەویش بوو بە سەرۆکیان،
نزیکەی چوار سەد پیاوی لەگەڵ بوو.
٣ داود لەوێوە چوو بۆ میچپای مۆئاب و بە پاشای مۆئابی گوت:
«تکایە با دایک و باوکم بۆ لای ئێوە بێن،
هەتا بزانم خودا چیم بۆ دەکات.»
٤ هەردووکیانی برد بۆ لای پاشای مۆئاب و ئەوانیش لەلای مانەوە،
بە درێژایی ئەو ماوەیەی داود لە قەڵاکە بوو.
٥ بەڵام گادی پێغەمبەر بە داودی گوت:
«لەناو قەڵاکە مەمێنەرەوە،
بڕۆ ناو خاکی یەهودا.»
داودیش ڕۆیشت و چوو بۆ دارستانی حەرەت.
کوشتنی کاهینەکانی شاری نۆڤ
٦ ئینجا شاول گوێی لێبوو کە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان ئاشکرا بوون.
جا شاول لە گیڤعا لەژێر دار گەزێک لە ڕامە دانیشتبوو و ڕمەکەی بەدەستەوە بوو،
سەرجەم خزمەتکارەکانی لە دەوری وەستابوون.
٧ شاول پێی گوتن:
«ئەی بنیامینییەکان،
ئێستا گوێ بگرن!
ئایا کوڕەکەی یەسا کێڵگە و ڕەزەمێو بە هەمووتان دەدات؟
ئایا هەمووتان دەکاتە فەرماندەی هەزاران و سەدان؟
٨ هەموو پیلانتان لە دژم گێڕاوە،
کەستان پەیمانی نێوان کوڕەکەی من و کوڕەکەی یەساتان بۆ ئاشکرا نەکردم.
کەستان دڵی پێم ناسووتێت،
کەستان بەگوێمدا نەیچرپاند کە کوڕەکەم خزمەتکارەکەی خۆمی لێ هەستاندوومەتەوە هەتا وەک ئەمڕۆ بۆسەم بۆ دابنێتەوە.»
٩ بەڵام دۆئێگی ئەدۆمی کە لەگەڵ خزمەتکارەکانی شاولدا وەستابوو وەڵامی دایەوە و گوتی:
«کوڕەکەی یەسام بینی بۆ نۆڤ دەهات،
بۆ لای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ.
١٠ ئەحیمەلەخیش پرسیاری لە یەزدان بۆ کرد،
ئازووقەی پێدا و شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستیشی دایێ.»
١١ پاشا ناردی بەدوای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤی کاهین و هەموو ماڵی باوکی،
ئەو کاهینانەی لە نۆڤ بوون،
بانگی کردن و هەموویان هاتن بۆ لای پاشا.
١٢ شاول گوتی:
«کوڕی ئەحیتوڤ،
ئێستا گوێ بگرە.»
ئەویش گوتی:
«بەڵێ،
گەورەم.»
١٣ شاول پێی گوت:
«بۆچی خۆت و کوڕەکەی یەسا پیلانتان لە دژم گێڕا،
بەوەی نان و شمشێرت پێداوە و پرسیارت لە خودا بۆ کردووە،
بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە دژم هەستێت و بۆسەم بۆ بنێتەوە؟»
١٤ ئەحیمەلەخیش وەڵامی پاشای دایەوە:
«جا لە هەموو خزمەتکارەکانت کێ وەک داود دڵسۆزە،
زاوای پاشا و فەرماندەی پاسەوانانی خۆت،
لە ماڵەکەتدا ڕێزدارە؟
١٥ ئایا ئەمە یەکەم جار بووە بۆی لە خودا بپرسم؟
نەخێر!
با پاشا هیچ نەخاتە پاڵ خزمەتکارەکەی و پاڵ هەموو ماڵی باوکم،
چونکە خزمەتکارەکەت کەم یان زۆر،
هیچ لەبارەی ئەمەوە نازانێت.»
١٦ بەڵام پاشا گوتی:
«ئەحیمەلەخ،
بە دڵنیاییەوە سزای خۆت و هەموو ماڵی باوکت مردنە.»
١٧ ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون:
«بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن،
ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە،
چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.»
بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن.
١٨ ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت:
«تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.»
دۆئێگی ئەدۆمیش* چوو و لە کاهینەکانی دا،
لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت،
١٩ نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر،
پیاو و ئافرەت،
منداڵ و شیرەخۆرە،
گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.
٢٠ بەڵام تاکە کوڕێکی ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ کە ناوی ئەبیاتار بوو دەرباز بوو و ڕایکرد بۆ لای داود.
٢١ جا ئەبیاتار بە داودی ڕاگەیاند کە شاول کاهینەکانی یەزدانی کوشتووە.
٢٢ داودیش بە ئەبیاتاری گوت:
«لەو ڕۆژەوەی کە دۆئێگی ئەدۆمی لەوێ بوو زانیم بێگومان بە شاول ڕادەگەیەنێت.
من بوومە هۆی کوشتنی هەموو ماڵی باوکت.
٢٣ لەگەڵ مندا بمێنەرەوە و مەترسە،
چونکە ئەوەی دەیەوێ من بکوژێت دەیەوێ تۆش بکوژێت،
بەڵام لەلای من پارێزراو دەبیت.»