دووەم ساموئێل
کورتە باسێک
تەنانەت باشترین ڕابەری مرۆڤانە دەکەوێت،
بەڵام خودا دڵسۆزە بۆ خەڵکەکەی و بەڵێنی بە پاشاکەی داوە کە بەهێز و دانا و ڕاستودروست و دڵسۆزی دەکات.
 
ئەم پەڕتووکە ڕووداوەکانی نزیکەی چل ساڵ باس دەکات لە فەرمانڕەوایەتی داود پاشا کە لە تاج لەسەرنانی دەستپێدەکات و دواتر دێتە سەر باسی چەسپاندنی داود بەرامبەر ئەوانەی داوای تەختەکەی ئەویان دەکرد.
داود ئۆرشەلیمی کردە پایتەختی شانشینەکە و سندوقی پەیمانی پیرۆزی بۆ ئەوێ گواستەوە،
توانی دوژمنەکانی ملکەچ بکات و بە درێژایی تەمەنی بەڕێوەیان ببات.
سەرگوزەشتەی ژیانی داود بەدەر نەبوو لە ڕووداوی ترسناک کە خەریکبوو تەختی داود لەق بکات،
لەنێو ئەوانەشدا ئەبشالۆمی کوڕی لێی هەستایەوە،
هەروەها هەندێک کێشە خێزانییە تایبەتەکانی وەک گوناهی داوێنپیسی کە لەگەڵ بەتشەبەعی ژنی ئوریای حیتی ئەنجامی دا.
باسکردنی ئەو ڕووداوانە هەتا ڕادەیەک بە وردەکارییەوە لەم پەڕتووکەدا هاتووە،
پەڕتووکەکە بە پوختەی چەند ساڵی کۆتایی ژیانی داود کۆتایی هاتووە.
ئەم تۆمارە مێژووییە وێنەیەکی زیندووی ژیانی داودمان پیشان دەدات کە لە خراپە و چاکە پێکهاتووە.
گوناهەکانی داود جگە لە کەموکوڕی مرۆڤانە و پشتبەستن بە مرۆڤ شتێکی دیکە نەبوو.
لە ڕووێکی دیکەوە تۆماری سەرکەوتنە گەورەکانە کە داود لە بەرامبەر دوژمنەکانی بەدەستی هێنا،
بەمە توانای لە ڕادەبەدەری خودا دەرکەوت،
هەروەها ئەوەی دەکرێ خودا لە ژیانی مرۆڤدا بیکات ئەگەر مرۆڤ بە تەواوی پشت بە خودا ببەستێت.
سەرباری ئەوەی داود گوناهبار بوو خودا بەکاریهێنا،
چونکە بینی داود ئامادەیە تۆبە بکات و دەست بە ژیانێکی نوێ بکات، هەرچەندێک لایدابێت.