ڕائووس
کورتە باسێک
خودا تەنانەت لە تاریکترین ڕۆژانیش چاودێری گەلەکەی دەکات، هەروەها پلانەکەی دەپارێزێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ، جولەکە و هەموو نەتەوەکانی دیکە پێکەوە.‏
 
ڕووداوەکانی ئەم پەڕتووکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ڕابەرەکان ڕوویانداوە، تێیدا ڕووداوێک هەڵێنجراوە لەو ڕووداوانەی کاتێک ئاژاوە ناوچەکەی گرتبووەوە. پەڕتووکی ڕائووس باسی کارەساتی ئەو خوێنڕشتنە ناکات کە لە ئەنجامی خراپەی مرۆڤەوە خاکەکەی گرتبووەوە، بەڵکو چیرۆکێکی جوانمان پێشکەش دەکات کە تێیدا ڕاستگۆیی و دڵسۆزی تێکەڵی هەستی مرۆڤ بووە. ئەم پەڕتووکە باسی ڕائووس دەکات کاتێک کە ناعۆمی خەسووی تووشی کارەسات بوو، پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە لەگەڵی بمێنێتەوە. پاشان خودا بەوە پاداشتی ڕائووسی دایەوە کە بۆعەزی بۆ نارد و هاوسەرگیری لەگەڵ کرد و کوڕێکی لێی بوو، بەو شێوەیە خودا نەوەی بە ناعۆمیش بەخشی. شایانی باسە کە داودی پاشا لە ڕەچەڵەکی ئەو خێزانە لەدایک بووە.
بابەتی سەرەکی ئەم پەڕتووکە لەسەر زۆری و فراوانی بەرەکەتەکانی خودایە کە دەبنە پاداشت بۆ ئەوانەی کە تەنانەت لە کاتی تەنگانە و ناخۆشیش فەرمانەکانی پەیڕەو دەکەن. خۆشویستن و باوەڕ و متمانە و چاکە کە بەها سەرەکییەکانی مرۆڤایەتین، بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزن. ئەو بەهایانە وەک ڕووناکییەکی درەوشاوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە بۆ ئەوانەی کە بەدوای واتای ڕاستەقینەی ژیاندا دەگەڕێن.
لەم پەڕتووکەدا وشەیەک هەیە کە زۆر گرنگی پێدراوە، ئەویش وشەی (خوێنگر)ە. بەگوێرەی دەستووری دابەشکردنی پارچە زەوییەکانی خاکی بەڵێندراو، نابێت هیچ خێزانێک موڵکی خۆی لەدەست بدات. ئەگەر خێزانێک بەهۆی هەژاری موڵکەکەیان بفرۆشنە خێزانێکی دیکە، پێویستە لەدوای پەنجا ساڵ بگەڕێنرێتەوە بۆ خێزانەکەی پێشووتر. هەروەها یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە مافی هەبوو پێش تەواوبوونی پەنجا ساڵەکە موڵکەکە وەربگرێتەوە، ئەگەر نرخی ئەو ساڵانەی کە ماونەتەوە بداتەوە ئەو کەسەی کە کڕیویەتی. خوێنگر مافی تۆڵەکردنەوەی هەیە لە کاتی ڕوودانی کێشەیەک، هەروەها مافی وەرگرتنی میراتیشی هەیە ئەگەر کەسێکی دیکەی لەو نزیکتر لە خێزانەکەدا نەبێت.