نامەی یەهوزا
کورتە باسێک
هەرچەندە یەهوزا برای مەسیحە لە مریەمی دایکییەوە (بڕوانە ‏مەتا ١٣‏:٥٥ و مەرقۆس ٣‏:١‏)‏، بەڵام ئەو خۆی بە برای یاقوب دەناسێنێ، کە کەسایەتییەکی دیار و ناسراو بووە لەناو کڵێسادا (بڕوانە نامەی یاقوب).
یەهوزا لە نزیکەی ساڵی (٦٥ ز.) ئەم نامەیە بە گشتی بۆ باوەڕداران دەنووسێت.
یەهوزا حەزی دەکرد سەبارەت بە ڕزگاری بنووسێ، بەڵام بابەتێکی لەوە گرنگتری وروژاند، کە بریتی بوو لە چەند بیرێکی چەواشەکاری و لەڕێ لادەر بۆ نیعمەتی خودا، کە بەڕەڵایی لێدەکەوێتەوە. «هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام… تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا.» ‏(١‏:٣‏)‏. یەهوزا بە ناساندنی نیعمەتی ڕاستەقینەی خودا، باوەڕداران هاندەدا بۆ دژایەتیکردنی فێرکردنی مامۆستایانی درۆزن. دەکرێ ئەم نامەیە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بکەین:
١. هۆیەکانی نووسینی ئەم نامەیە (‏ ٣‏–٤).
٢. نموونەی مامۆستایانی درۆزنی سزادراو (‏ ٥‏–٧).
٣. ئاگادارکردنەوە لە دژی مامۆستایانی درۆزن (‏ ٨‏–١٦).
٤. هاندان بۆ بنیادنانی باوەڕداران (‏ ١٤‏–٢٤).