حەوت فریشتە و حەوت دەرد
١ پاشان نیشانەیەکی گەورە و سەیری دیکەم لە ئاسماندا بینی:
حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو،
چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.
٢ پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو.
٣ سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی و دەیانگوت:
«ئەی یەزدان،
خودای هەرە بەتوانا،
کارەکانت گەورە و سەیرە!
ئەی پاشای نەتەوەکان،
ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.
٤ ئەی یەزدان،
کێ لە تۆ ناترسێت و
ناوت شکۆدار ناکات؟
چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت.
هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن،
چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»
٥ پاش ئەوە تەماشام کرد و بینیم لە ئاسماندا شوێنی هەرەپیرۆز لە چادری پەیمان کرایەوە.
٦ حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو.
کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشیبوو و چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو.
٧ یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە.
٨ پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵی شکۆ و هێزی خودا و هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون،
کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە.