دەستگیرکردنی شەیتان
١ فریشتەیەکم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و کلیلی بیری بێ بنی پێبوو،
زنجیرێکی گەورەشی بەدەستەوە بوو.
٢ ئەژدیهاکەی دەستگیر کرد،
مارە دێرینەکە کە ئیبلیس و شەیتانە،
هەزار ساڵ بەستییەوە.
٣ فڕێیدایە بیری بێ بن و دەرگای لەسەر داخست و مۆرێکی لێدا،
بۆ ئەوەی ئیتر نەتەوەکان چەواشە نەکات،
هەتا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت.
پاش ئەمە دەبێت بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد بکرێت.
حوکمی هەزار ساڵەی مەسیح
٤ چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو.
هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون،
ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو،
نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو.
جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد.
٥ (بەڵام مردووەکانی دیکە هەتا هەزار ساڵەکە تەواو بوو بۆ ژیان نەگەڕانەوە.
ئەمە هەستانەوەی یەکەمە.)
٦ ئەوەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشی هەبێت بەرەکەتدار و پیرۆزە.
ئەوانە مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە،
بەڵکو دەبنە کاهینی خودا و مەسیح،
هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
کەوتنی شەیتان
٧ کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت شەیتان لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت و
٨ دێتە دەرەوە تاکو نەتەوەکانی چوارگۆشەی زەوی چەواشە بکات،
گۆگ و ماگۆگ*،
تاکو بۆ جەنگ کۆیان بکاتەوە،
ئەوانەی ژمارەیان وەک لمی دەریایە.
٩ بەسەر پانتایی زەویدا بڵاو بوونەوە و ئۆردوگای گەلی خودا،
واتا شارە خۆشەویستەکەی خودایان گەمارۆ دا،
بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و هەڵیلووشین.
١٠ ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد،
کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە.
هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن.
حوکمدانی مردووان
١١ پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو.
ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتن،
شوێنیان لە ئاسماندا نەما.
١٢ مردووەکانم بینی بە گەورە و بچووکەوە لەبەردەم تەختەکەدا ڕاوەستابوون و پەڕتووکەکان کرانەوە.
پەڕتووکێکی دیکەش کە پەڕتووکی ژیانە کرابووەوە.
مردووەکان بەگوێرەی کردەوەکانیان بەوەی لە پەڕتووکەکان نووسراوە حوکم دران.
١٣ دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد،
هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد و هەریەکە و بەگوێرەی کردەوەکانی حوکم درا.
١٤ مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانە دەریاچە ئاگرەکە.
ئەم دەریاچە ئاگرە مردنی دووەمە.
١٥ هەرکەسێک ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا تۆمار نەکرابوو،
فڕێدرایە دەریاچە ئاگرەکە.