زیندووبوونەوەی عیسا
١ کە ڕۆژی شەممە تەواو بوو،
مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب بۆنوبەرامیان کڕی،
تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن.
٢ لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا،
بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن،
هاتنە سەر گۆڕەکە.
٣ بە یەکتریان دەگوت:
«باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»
٤ بەڵام کە سەیریان کرد،
بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە،
هەرچەندە زۆر گەورە بوو.
٥ جا چوونە ناو گۆڕەکە و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو،
کەوایەکی سپی لەبەر بوو،
ئیتر تاسان.
٦ پێی گوتن:
«مەتاسێن،
بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراودا دەگەڕێن.
ئەو هەستایەوە!
لێرە نییە.
ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا.
٧ بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن،
”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل،
وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»
٨ ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و هەڵاتن.
لەرز و سەرسامی دایگرتبوون،
هیچیان بە کەس نەگوت،
چونکە دەترسان.
﴿
٩ دوای ئەوەی عیسا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە،
یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت،
ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو.
١٠ ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ عیسادا بوون و شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان.
١١ کاتێک بیستیان عیسا زیندوو بووەتەوە و ئەم بینیویەتی،
باوەڕیان نەکرد.
١٢ لە دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لە قوتابییەکان دەرکەوت،
کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون.
١٣ جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند،
بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.
١٤ پاشان عیسا بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت،
کاتێک لەسەر خوان بوون،
لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن،
چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.
١٥ پێی فەرموون:
«بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن.
١٦ ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت،
ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ،
تاوانبار دەکرێت.
١٧ ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت،
بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن،
١٨ بە دەستیان مار دەگرن،
ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات،
دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»
١٩ لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون،
بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت.
٢٠ ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا،
عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.﴾