عیسا دەبێتە میوانی زەکا
١ ئینجا عیسا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی.
٢ لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا،
دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو.
٣ دەیویست ببینێت عیسا کێیە،
بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی،
چونکە کورتەباڵا بوو.
٤ ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت،
چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.
٥ کە عیسا گەیشتە شوێنەکە،
چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو:
«زەکا،
خێرا وەرە خوارەوە،
چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.»
٦ جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.
٧ هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان:
«چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»
٨ بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت:
«گەورەم،
ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت،
چوارقاتی دەدەمەوە.»
٩ عیساش پێی فەرموو:
«ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات،
لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە،
١٠ چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا* بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»
نموونەی دە کیسە زیوەکە
١١ کاتێک خەڵکەکە گوێیان لەمانە دەگرت،
درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە،
چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو و وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە دەردەکەوێت.
١٢ ئینجا فەرمووی:
«پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت،
تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە.
١٣ دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی* پێدان و پێی گوتن،
هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.
١٤ «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو،
شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان:
”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“
١٥ «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو،
فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای،
تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.
١٦ «یەکەمیان هات و گوتی:
”گەورەم،
کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“
١٧ «ئەویش پێی گوت:
”ئافەرین کۆیلەی چاک،
چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت،
ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“
١٨ «دووەمیان هات و گوتی:
”گەورەم،
کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“
١٩ «بەمەشیانی گوت:
”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“
٢٠ «ئەوی دیکە هات و گوتی:
”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت،
لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو.
٢١ لە ڕاستیدا لێت ترسام،
لەبەر ئەوەی پیاوێکی دڵڕەقیت،
ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“
٢٢ «ئەویش پێی گوت:
”ئەی کۆیلەی بەدکار،
بە زارت تاوانبارت دەکەم،
کە دەتزانی پیاوێکی دڵڕەقم،
ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم،
٢٣ ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا،
کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە؟“
٢٤ «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون:
”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“
٢٥ «ئەوانیش پێیان گوت:
”گەورەم،
دە کیسە زیوی هەیە!“
٢٦ «وەڵامی دایەوە:
”پێتان دەڵێم:
ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت،
بەڵام ئەوەی نییەتی،
تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.
٢٧ دوژمنانیشم،
ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم،
بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»
کەژاوەی پاشایانە
٢٨ دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو،
لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت.
٢٩ کاتێک لە گوندی بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا نزیک بووەوە،
کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت،
دووان لە قوتابییەکانی نارد و
٣٠ فەرمووی:
«بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان،
کە دەچنە ناوی،
دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە،
بیکەنەوە و بیهێنن.
٣١ ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن:
”بۆچی دەیکەنەوە؟“
لە وەڵامدا بڵێن:
”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»
٣٢ دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان.
٣٣ کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە،
خاوەنەکانی لێیان پرسین:
«بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»
٣٤ گوتیان:
«گەورەمان پێویستی پێیەتی.»
٣٥ ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد.
٣٦ کاتێک بەڕێوە بوو،
خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.
٣٧ لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە،
سەرجەم قوتابییەکان بە شادی و بە دەنگی بەرز دەستیان بە ستایشکردنی خودا کرد،
بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان،
دەیانگوت:
٣٨ «﴿پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!
*»
 
«ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!»
٣٩ هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە،
بە عیسایان گوت:
«مامۆستا،
قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»
٤٠ وەڵامی دایەوە:
«پێتان دەڵێم:
ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن،
بەردەکان هاوار دەکەن.»
گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم
٤١ کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی،
بۆی گریا،
٤٢ فەرمووی:
«خۆزگە بتزانیایە،
تەنانەت تۆش،
لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە!
بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە.
٤٣ ڕۆژانێکت بەسەردێت،
کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن،
ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن.
٤٤ خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن.
بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن،
چونکە کاتی هاتنی پەروەردگارت* نەزانی.»
عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە
٤٥ کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا،
دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد.
٤٦ پێی فەرموون:
«نووسراوە:
﴿ماڵەکەم ماڵی نوێژە،
* کەچی ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾*»
٤٧ ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد،
کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا لەناوی ببەن.
٤٨ بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە،
چونکە هەموو گەل بە پەرۆشەوە گوێیان لێ دەگرت.