کوشتنی بتپەرستان
١ ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی:
«پاسەوانانی شار بهێنن،
هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.»
٢ شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە،
هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو،
پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لە ناوەڕاستیان بوو،
مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو.
هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.
٣ شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو،
لەسەر کەڕوبەکانەوە* هەستا،
بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت،
جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو،
٤ یەزدان پێی فەرموو:
«بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێبپەڕە،
نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»
٥ ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو:
«بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن.
نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ.
٦ پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن،
بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە.
لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.»
ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون.
٧ پێی فەرموون:
«ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو!
بڕۆنە دەرەوە!»
جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد.
٨ لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە،
منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم:
«ئای!
ئەی یەزدانی باڵادەست!
ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟»
٩ پێی فەرمووم:
«تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن،
شار پڕ بووە لە گەندەڵی،
چونکە دەڵێن:
”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“
١٠ لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم.
کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.»
١١ ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو،
هەواڵی هێنایەوە و گوتی:
«وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم،
جێبەجێم کرد!»