دانیال
کورتە باسێک
هەموو کاتێک خودا هەر خودای ڕاستەقینەیە، ئیتر لە هەر بارودۆخێکدا بووی هەر بە چاکەکاری بمێنەوە.‏
 
دانیال لە تەمەنێکی بچووکدا بوو کە ڕاپێچ کرا بۆ بابل، لەگەڵ ئەوەی دیل بوو بەڵام باشترین وانە و زانستی دەخوێند، لەدوای ئەوەی لەگەڵ هەندێک کەسی دیکە هەڵبژێردران بۆ ئەوەی خزمەتی پاشا بکەن. دانیال بە پاڵپشتی خودا توانی باشترین پلە و پایە لە هەردوو وڵاتی بابلی و فارسی وەربگرێت. سەرباری ئەوەی بەهۆی دڵسۆزییەکەی بۆ خودا لەلایەن دوژمنەکانیەوە تووشی چەوسانەوەی زۆر هات، تەنانەت خستیانە نێو چاڵێکی پڕ لە شێری برسی، هەروەها سێ هاوڕێی خرانە نێو ئاگر، کە بە پشتیوانی خودا ڕزگار بوون. پەڕتووکی دانیال مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی بەر لە زایین، پێغەمبەر دانیال بە ڕۆحی پیرۆز نووسیویەتییەوە، کە چەند بەسەرهاتێکی مێژوویی تێدایە کە لە سەردەمی دانیال ڕوویانداوە، هەروەها چەند پێشبینییەکی لەسەر داهاتوو تێدایە. دانیال بە چاوێکی پێشبینیکردنەوە بینیویەتی ئیمپراتۆریەتەکانی جیهان هەر دەبێ لە سەدەکانی داهاتوو لەناوبچن، ئەوەش لە مێژوودا ڕوویدا. بەڵام ئەو پێشبینییانە هەموو شتێک نەبوون، چونکە هێزی خودا و مەسیحی بینیوە، پێشبینی عیسای مەسیحی کردووە کە سنوورێک بۆ خراپە دادەنێت، هەروەها لە ڕۆژانی کۆتایی شانشینی چاکە دادەمەزرێنێت کە کۆتایی نایەت.
بابەتی سەرەکی پەڕتووکی دانیال گەورەیی خودایە. خودا دەسەڵاتدارە بەسەر کاروبارەکانی جیهان، ڕێڕەوی مێژوو بەرەو ئەو کۆتاییە ئاراستە دەکات کە بڕیاری بۆ داوە، بە بەکارهێنانی کاری خەڵک. شانشینەکانی مرۆڤ گەشە دەکەن و لەناودەچن، بەڵام خودا لە ئەزەلەوە هەیە و هەتاهەتاییە. هەرگیز گۆڕانی بەسەردا نایەت، هیچ کاتێک مەبەستی خودا بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ ناگۆڕێت. دانیال پێشبینی کردووە کە مەسیحی ڕزگارکەر دێت. لە سەردەمێکی دیاریکراو پێشبینییەکە هاتە دی، مەسیح بووە جەستە بۆ ئەوەی ببێتە کەفارەتی مرۆڤ. سەردەمێکیش دێت کە خراپە لێژدەبێتەوە و ویستی چاکە سەردەکەوێت، چونکە خودا ئەوەی دەوێت.