شینەکانی یەرمیا
کورتە باسێک
خودایە، لە کاتی تووڕەبوونت بەزەییەکەی خۆت لەبیر بێت.‏
 
پەڕتووکی شینەکانی یەرمیا سروودی ماتەمە کە نزیکەی سەدەی شەشەمی بەر لە زایین لە کاتی کەوتنی شاری ئۆرشەلیم یەرمیای پێغەمبەر بە سروشی ڕۆحی پیرۆز دایڕشتووە. یەرمیا بینەری هەموو ئەو ڕووداوانە بوو کە بەسەر شاری پیرۆزدا هات، لە کارەسات و ناخۆشی و وێران بوون، بە جوانی باسی کردوون، بە وردەکارییەوە باسی ئازارەکانی کردووە بۆ ئەوەی ببێتە پەند بۆ ئەوانەی سوودی لێ وەردەگرن، ئیتر کەس ناپرسێ: بۆچی کەس پێی ڕانەگەیاندین کە ئەو باجە گرانە دەدەین لە دەرئەنجامی یاخیبوونمان لە خودا. ئەو شینانە هیچ دڵنەواییەکی تێدا نەدەبوو ئەگەر ئەو نزایەی یەرمیا لە بەشی پێنج نەهاتبووایە، کە ئەو دەمەی کارەساتەکان بۆ دوای ئەوە تێدەپەڕێنێ، کاولبوونی ئۆرشەلیم بۆ ئەو ڕۆژەی پێی دەگوترێ ئۆرشەلیمی شکۆدار، چاوی بەرەو خودای خاوەن دەسەڵاتی هەتاهەتایی هەڵدەبڕێ، لێرەدا تەنها یەرمیا دڵنەوایی دێتەوە.
پەڕتووکی شینەکانی یەرمیا ڕاگەیاندنی تووڕەیی خودایە، ڕاستییەکی ئازاربەخشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە خودا بەڵێنی داوە گوناە سزا بدات، هەروەها نەزانی گەلی یەهودا کە خودایان تاقی کردەوە. لە هەموو ئەوانەش خراپتر، دەکرا کە خۆیان لەو ڕووداوە لابدەن، بەڵام گەل و بەرپرسەکانیان خۆیان لە هەموو ئاگادارکردنەوەیەک کەڕ کرد. هەموو ڕۆژێک دڵسۆزی خودا نوێ دەبێتەوە و هەرگیز بەزەییەکەی کۆتایی نایەت ‏(٣‏:٢٢‏-٢٣‏)‏. ئەگەر خەڵکی یەهودا لەو ڕاستییە تێبگەیشبانایە ئەوا خۆیان لەو کارەساتە دەپاراست. ئاگادارکردنەوە و بەڵێن کە لەم پەڕتووکە هاتوون دەبێ بە گەورەیی لەسەر ڕووی ئاسمان بنووسرێت بۆ ئەوەی هەموو خەڵک بیبینێ.
لەدوای ڕاپێچانی خەڵکی یەهودا و لەناوچوونی ئۆرشەلیم یەرمیای پێغەمبەر بەو قەسیدەیە بۆ ئۆرشەلیم دەیلاواندەوە و شینی بۆ دەگێڕا. دێڕەکانی بە پیتی عیبری لەدوای یەک دەستپێدەکات.