گڵاوکردنی پەرستگا
١ ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم،
* کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون،
لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم.
٢ جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی،
وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو.
٣ شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو،
بە قژی سەرم منی گرت.
ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم،
بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە،
ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە* کە ئیرەیی* خودا دەجۆشێنێت.
٤ شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو،
وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.
٥ ئینجا پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.»
چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت،
لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە،
بەرامبەر دەروازەی باکوور.
٦ پاشان پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
بینیت چی دەکەن؟
ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن،
بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟
بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
٧ ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە،
جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی.
٨ پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.»
منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
٩ پێی فەرمووم:
«بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.»
١٠ منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد،
ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە.
١١ حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لە ناوەڕاستیان وەستابوو.
هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو،
بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
١٢ پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن،
هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟
دەڵێن:
”یەزدان نامانبینێت،
یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“»
١٣ ئینجا پێی فەرمووم:
«هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
١٤ پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان،
ئەوەی ڕووەو باکوورە،
ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز* دەگریێن.
١٥ پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
ئەمەت بینی؟
هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
١٦ ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان،
ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە،
نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە،
ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
١٧ پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
بینیت؟
ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟
سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم،
ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە*.
١٨ لەبەر ئەوە من بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم،
چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم.
ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»