١ هەلیلویا!
 
چەندە باشە مۆسیقا ژەنین بۆ خودامان!
ستایشکردن چەندە خۆشە و شیاوە!
 
٢ یەزدان ئۆرشەلیم بنیاد دەنێتەوە،
ڕاپێچکراوەکانی* ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
٣ دڵشکاوان چاک دەکاتەوە و
برینیان ساڕێژ دەکات.
٤ ژمارەی ئەستێرەکان دیاری دەکات و
هەریەکەیان بە ناوێک بانگ دەکات.
٥ پەروەردگارمان گەورەیە و هێزی زۆرە،
تێگەیشتنی بێ سنوورە.
٦ یەزدان یارمەتی بێفیزەکان دەدات و
بەدکاران بەرەو زەوی نزم دەکاتەوە.
 
٧ بە سوپاسەوە گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
بە قیسارە مۆسیقا بۆ خودامان بژەنن.
 
٨ ئەوەی ئاسمان بە هەور دادەپۆشێت،
باران بۆ زەوی ئامادە دەکات،
گیا لەسەر چیاکان دەڕوێنێت،
٩ خۆراکی ئاژەڵ و
بێچووە قەلەڕەشی دەم بە قیڕە دەدات.
 
١٠ یەزدان بە هێزی ئەسپ خۆشحاڵ نابێت،
بە قاچی مرۆڤ دڵشاد نییە،
١١ بەڵام یەزدان بەوانە دڵشادە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەیە.
 
١٢ ئەی ئۆرشەلیم،
ستایشی یەزدان بکە،
ئەی سییۆن،
ستایشی خودات بکە.
 
١٣ یەزدان شمشیرەی* دەروازەکانت بەهێز دەکات،
کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
١٤ لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
لە باشترین گەنم تێرت دەکات.
 
١٥ فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
١٦ بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
١٧ تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
١٨ پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.
 
١٩ پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
٢٠ ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.
 
هەلیلویا!