١ هەلیلویا!
 
ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.
 
٢ هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم،
هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.
٣ نە پشت بە میرەکان ببەستن،
نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.
٤ کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە،
لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە.
٥ خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
٦ دروستکەری ئاسمان و زەوی و
دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
٧ دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
٨ یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
٩ یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
 
١٠ یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
ئەی سییۆن،
ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.
 
هەلیلویا.