پەندەکانی سلێمان
کورتە باسێک
بناغەی زانیاری لەخواترسییە.‏
 
حەزرەتی سلێمان میراتگری تەختی شاهانەی داودی باوکی بوو، لە نزیکەی سەدەی دەیەمی پێش زایین. هەر لە سەرەتای حوکمڕانییەکەیەوە درکی بە پێویستی دانایی کرد لە فەرمانڕەوایەتیکردنی گەل. هەر لەبەر ئەوە کاتێک خودا پێی فەرموو چیت پێ ببەخشم (بڕوانە یەکەم پاشایان ٣‏:١‏-١٥)،‏‏ ئەو لە جیاتی ڕۆژگاری درێژی تەخت و تاجەکەی تەنها دانایی هەڵبژارد و بە پەرۆشەوە داوای کرد، چونکە درکی بەوە کردووە کە دانایی کلیلی سەرکەوتنە لە هەموو لایەنەکانی ژیان. سەرەتای دەرکەوتن و ڕەنگدانەوەی دانایی لە حەزرەتی سلێماندا لەو چیرۆکەوە دەستپێدەکات کاتێک دوو ژنی لەشفرۆش لە یەک ماڵ پێکەوە منداڵیان دەبێت، هی یەکێکیان دەمرێت، هەردووکیان لەسەر منداڵە زیندووەکە دەبێتە مشتومڕیان کە هی کامیانە. کاتێک ژنەکان بۆ دادوەری دێنە بەردەم سلێمان پاشا، ئەمیش زۆر بە زرنگی و داناییەوە دایکی ڕاستەقینەی منداڵەکە دەسەلمێنێت. (بڕوانە یەکەم پاشایان ٣‏:١٦‏-٢٨‏‏).
پەڕتووکی پەندەکان زیاتر ئاراستەی گەنجان کراوە و فێریان دەکات کە چۆن تێگەیشتوو و دادپەروەر و سادە بن، کەڵک لە ڕاوێژ وەربگرن، گەنجان فێری ژیانی هاوسەرداری و داوێنپاکی و وەفاداری دەکات، هەروەها بە گشتی باسی ئەم بابەتانە دەکات: ئامۆژگاریکردنی منداڵ، دادی کۆمەڵایەتی، قسەی نەزانان، سامان. لە کۆتایی پەڕتووکەکە باسی ئافرەتی کردووە و ڕۆڵی کاریگەری ئافرەت لەسەر ژیانی خێزان دەردەخات.
بەشی هەرەزۆری ئەم پەڕتووکە حەزرەتی سلێمان نووسیویەتی و چەند پەندێکیش لەلایەن ئاگور و لەموئێل نووسراوە. ئەم پەڕتووکە پیرۆزی ژیانی مرۆڤ پیشان دەدات، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەموو شتێکی سەرکەوتوو لە ژیان نیشانەی گرنگیدانی خودا و ڕەخساندنی دەرفەتی سەرکەوتنە.